شەڕەکەی گارە و چەند سەرنجێک

هێشتا ماوەیەکی زۆر بە سەر لێدوانەکەی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هێرشی لەناکاو بۆ سەر شەنگال تێپەڕ نەبوو کە لە پڕدا شەوی 10 ی شوبات سوپای تورک هێرشی کردە سەر چیای گارە. ئەوەی کە بۆ ئەردۆغان بڕیاری هێرشەکەی داوە لە چەند سرنج و تێبینییەکی خۆمدا باسی دەکەم:
یەکەم: تورکیا ڕوبەڕوی کۆمەڵە قەیرانێکی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە. لە ئاستی ناوخۆییدا بەدەر لە قەیرانی ئابوری، ڕێژەی متمانە بە حکومەتەکەی ئاکەپە ڕووی لە دابەزین کردووە، تەنانەت پارتەکەی ئەردۆغان کۆمەڵە جیابوونەوە و تۆرانێکی گەورەی تێدا دروست بووە، ئەو کەسانە کە لە ئاکەپە جیابوونەتەوە وەک ڕکابەری داهاتووی ئەو پارتە و ئەردۆغان هەژمار دەکرێن، بە بیانووی کوردەتاوە تا ئێستا بە هەزاران کەس لە نەیارانی ئاکەپە و ئەردۆغان ڕەوانەی گرتووخانەکانی تورکیا کراون. لە ئاستی دەرەکیشدا تورکیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەرەو داگیرکاری سەربازی لە وڵاتانی دیکە بردووە، وەک سوریا، عێراق، لیبیا، ئازەربایجان و تەنانەت قەتەر و وڵاتانی دیکەش. سیاسەتی تورکیا لە گەڵ دوو زلهێزی وەک ڕووسیا و ئەمریکا هێندە لە سەر بنەما دیپلۆماسییەکان نییە، لە گەڵ ئەورووپا و بە دیاریکراوی فەرەنسا لە ململانێ و کێشەدایە، لە گەڵ یۆنان لە شەڕی سەربازیش نزیک بوویەوە و دەیان کێشە و گرفتی دیکە. هەر بۆیە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە تورکیا ئەردۆغان لە گەڵ کۆمەڵە ئامانجێکی دیکە بڕیاری ئەم شەڕەی داوە.
دووەم: تورکیا نەیشاردووەتەوە کە هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە دەدات بەڵام دەیەوێت ئەم شەڕە بکاتە شەڕی کورد بە کورد و بۆ ئەمەش گوشارەکانی لە سەر پارتی چڕ کردووەتەوە و بەداخەوە کە سەرکردەکانی ئەو حیزبەش کە بانگەشەی کوردایەتی و مەرجەعبوون دەکەن کەوتوونەتە شوێن سیاسەتەکانی ئەنکەرە. ئەردۆغان سیاسەتی وڵاتەکەیی بۆ هێرشی سەر شەنگال ڕاگەیاندووە بەڵام سەرەتا چیای گارەی وەک ناوچەیەکی ستراتیژی هەڵبژاردووە تا سەرەتا لەوێ پەکەکە بشکێنێت و پاشان بە دەستێکی کراوەتر پلانەکەی لە شەنگال جێبەجێ بکات، هەڵبەت ئەگەر سەرکەوتبا.
سێهەم: سوپای تورکیا بە هاتنە ناو خاکی هەرێم دەسەڵات و سەروەری عێراقی پێشێلکردووە. ڕاستە کە حکومەتی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەرێمی کوردستان توانای ڕێگری و هەڵوێستی بەرامبەر بە دەسدرێژییەکانی تورکیا نییە، بەڵام سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش لاوازتر لە هەولێر دەرکەوتوون و هیچ کاردانەوەیەکیان لە بەرامبەر بەزاندنی بەردەوامی خاکی عێراق لە لایەن تورکیاوە نەبووە. تەنانەت ئەمریکاش کە کاریگەری زۆری لە سەر عێراق هەیە لە بەرامبەر ئەم تاوانەی تورکیا بێدەنگ بووە.
چوارەم: کورد لە ئێستادا زۆر بە پەرتەوازەیی دەبینرێت. پەکەکە دەورێکی کاریگەری لە شەڕی پاراستنی شەنگال لە کاتی هێرشەکانی داعش هەبووە. شەنگال یەکێکە لە هێماکانی قوربانیدانی گەلی کورد و بە لای هەمووانەوە پیرۆزە. دەکرا کە ئەم قۆناغە بکرێتە خاڵی بەرەنگاربوونەوەی سوپای داگیرکاری تورک. تەنانەت هەندێک لایەنی وەک پارتی ئەگەر توانای دژایەتی تورکیایان نییە باشتر بوو کە نەبنە بەشێک لەو شەڕەی دژ بە پەکەکە. ئامانجی تورکیا نەک پەکەکە بەڵکوو شێواندنی نێوماڵی کوردە، واتە شەڕی کورد بە کورد، هەڵبەت ئەگەر سەرکردەکانی پارتی و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە لە ڕاستییەکان تێبگەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button