بایدن، کورد و تورکیا

پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە – واشنتن لە ساڵی 2014 هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا لە گەڵ کوردانی ڕۆژئاوا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت.
لە گەڵ ئەم پاڵپشتییە کە ناڕەزایەتی توندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتی تورکیای بە دواوە بووە، چەندین دۆسیەی دیکەی وەک کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400 ی ڕووسیا و پاشان کێشەی دەرکردنی تورکیا لە پرۆژەی درووستکردن و کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35، ئاڵۆزییەکانی تورکیا لە گەڵ یۆنان، ڕۆڵی حکومەتی ئەنکەرە لە شەڕەکانی لیبیا و قەرەباغ، کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا و ڕادەستنەکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن لە لایەن ئەمریکاوە و بە تایبەت هەڵوێستی ئەم دواییەی جۆبایدن و بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە لایەن عوسمانییەکانەوە، کاریگەری جیدیی لە سەر کۆی گشتی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا داناوە.
بەدەر لەمەش تورکیا لە ساڵی 2018 هێرشی کردووەتە سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت عەفرینی داگیر کردووە، هاوکات ناوە ناوە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە هێرشیش دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و لە باکوری کوردستان و تورکیاش حکومەتەکەی ئاکەپە بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و سیاسەتمەدارای کورد و ئەندامان و بەرپرسانی باڵای پارتی دیمۆکراتیکی گەلان ناسراو بە هەدەپە.
بەم پێشینەوە پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە تێڕوانینی حکومەتەکەی جۆبایدن سەبارەت بە تورکیا چۆن دەبێت؟ ئایا ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا گرنگی بە فاکتەری مافی مرۆڤ دەدات یان نە؟
دەتوانین بڵێین کە پرسی مافی مرۆڤ هەموو کات جێی بایەخی حکومەتەکانی ئەمریکا بووە و لەم ڕێگایەشدا وڵاتانی ئەورووپیی لە گەڵ بووە، بەڵام ئێستا جۆبایدن وەک ستراتیژێک ئەمەی دیاری کردووە و تەنیا بە تورکیاشەوە سنوردار نابێت، بە واتایەکی دیکە چۆن لە سەر ڕەوشی موسڵمانانی چین ڕەخنە لە حکومەتی پەکین دەگرێت یان بە نیگەرانییەوە باسی ڕەوشی مافی مرۆڤ و ژیانی خەڵک لە یەمەن دەکات، بە هەمان شێوەش گرنگی بە کورد دەدات.
بایدن هێندە گرنگی بە ڕەوشی مافی مرۆڤ دەدات کە سەرەڕای پەیوەندی ستراتیژی وڵاتەکەی و سعوودیە، لە دۆسیەی تیرۆری جەمال خاشقچی بە ئاسانی ڕەخنە لە محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە دەگرێت. هەر بۆیە دەتوانین بە دڵنیاییەوە ئەوە باس بکەین کە حکومەتەکەی ئەردۆغان بە هۆی پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە کوردانی باکور، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ڕوبەڕوی کێشەی جیدی لە خولی سەرۆکایەتی بایدن دەبێتەوە، وەک چۆن کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە تاوانی کوژرانی ئەرمەنەکانی لە لایەن حکومەتی عوسمانییەوە بە کۆمەڵکوژی ناساند.
هەڵبەت پێشێلکارییەکانی تورکیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە تەنیا تایبەت بە کورد نییە و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەش دەگرێتەوە. تورکیا لە ڕووی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە پلەی 154 ی جیهاندایە و زۆرترین ڕۆژنامەنووس لەم وڵاتەدا زیندانی کراون، هەروەها لە ڕاپۆرتێکی دیکەی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە تورکیا لە ڕووی گرتن و زیندانیکردنی ڕۆشنبیرانەوە لە ڕیزی سێ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.
حکومەتی ئەنکەرە دیسانەوە بە بیانووی پەکەکەوە هەوڵێکی جیدیی بۆ داخستنی هەدەپە دەستپێکردووە و تا ئێستاش نزیکەی شەش هەزار کەس لە سەرکردە و ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەم حیزبەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کردووە، هەروەها گرنگی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و داواکارییە جیهانییەکان بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش نادات، ئەمەش پیشان دەدات کە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی بە بێ گرنگیدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەوڵی پاکتاوکردنی کوردانی باکور لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەوە دەدەن.
ئەمریکا لەم خولەی سەرۆکایەتی جۆبایدن هێزەکانی یەپەگەی وەک هێزێکی شەڕکەری دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش و هاوکاری واشنتن لە ناوچەکە ناساندووە و جەختی لە سەر بەردەوامی پاڵپشتی لەوان کردووەتەوە، ئەمەش پیشان دەدات کە دۆسیەی کورد لە ناوچەکە جێی گرنگی ئەمریکایە و یەک لەو کێشانەی نێوان واشنتن و ئەنکەرەیە.
لە لایەکی دیکەوە نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە تورکیا پێگەیەکی ستراتیژیی لە ناوچەکە هەیە، هەروەها ئەندامێکی کاریگەری ڕێکخراوی سەربازی ناتۆیە، ئەمەش وایکردووە کە شارەزایانی نێودەوڵەتی بە گومانەوە باس لە کاریگەری گوشارەکانی ئەمریکا لە سەر ئەم وڵاتە بکەن، بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئەم فاکتەرانە نەدەبوو، ئێستا هەمان گوشاری بایدن لە سەر چین و ڕووسیا لە سەر تورکیاش دەبینرا.
ئەمریکییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕووسیا پێویستیان بە بنکە سەربازییەکانی خۆیان لە تورکیا هەیە، هەروەها بڕیارە ئەمریکا لە ئەفغانستان کەڵک لە پێگەی تورکیا وەربگرێت، هەموو ئەمانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بایدن هێندە لە دژی تورکیا دەستکراوە نەبێت کە وەک چین و ڕووسیا مامەڵە لە گەڵ ئەو وڵاتە بکات، هەرچەندە بە پێی ئەو بەڵێنانەی کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان باسی کردووە، کۆی خاڵە ستراتیژییەکان لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنکەرە نابێتەوە هۆی بێدەنگیی لە بەرامبەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان. وەک چۆن یەپەگەی وەک هێزێکی هاوکاری ئەمریکا لە ناوچەکە ناو برد و کوشتاری ئەرمەنەکانیشی بە کۆمەڵکوژی ناساند.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button