باڵۆنەکەی مەسرور لەسلێمانی بەربویەوە

مەسرور بارزانی لە ڕێگای کۆمەڵە میدیاکەیەوە بانگەشەی گۆڕینی دۆخی هەرێم و پێشکەوتنی لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرد، لە هەر ڕوویەکەوە شکستی هێنا و تەنانەت بە هەموو هەوڵ و پاڵپشتییەکی سەرۆکی پارتیش لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
بەدەر لە کارنامەی شکستخواردووی مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی چالاکوانانی بادینان بووە پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی ئەو دەسەڵاتە ئەمنییە و متمانەی خەڵکی بۆ حکومەت گەیاندە خاڵی سفر، زیاتر لەمەش دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی کۆمەڵە پرسیارێک کردەوە کە سەربەخۆیی و بێ لایەنی لای دادگاکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بووەتە قوربانی بەرژەوەندی و ئەجێندای تەسکی حیزبی.
لە بەرامبەر شەپۆلی ڕەخنە و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان لە دۆسیەی گیراوانی بادینان، بەرپرسانی پارتی و ئەوانەشیان پاڵیان بە کورسییەکانی حکومەتەوە داوە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەبێت دادگاکان بڕیاری خۆیان بدەن و کەس دەست لە کاروباری ئەوان وەر نەدات.
لە بەردەوامی کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان، ئەمجارە پارتی لە پیلانگێڕییەکی دیکەدا هێرشی کردە سەر پەرلەمانتار غالب محەممەد و پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی لە کارنامەی خۆی زیاد کرد. یەکێتی کە لە دۆسیەی گیراوانی بادینان لە بەرەی خەڵکدا پاڵپشتییەکی کەم وێنەی لە گیراوەکان و بنەماڵەکانی ئەوانیش کردووە، لە دۆسیەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕانیش دەزگا ئەمنییەکانی لە زووترین کاتدا چەند کەسێکی ئەمنیی پارتییان دەستبەسەر کرد.
لێرەدا دووفاقییەکی پارتی و سەرۆکی حکومەت بۆ خەڵک ئاشکرا بووە، ئەوان لە دۆسیەی گیراوانی بادینان وەک چۆن کە ئاماژەم پێدا دەڵێن با دادگاکان سەربەخۆ بن بەڵام لە دۆسیەکەی غالب محەممەد بە هەموو شێوازێک گوشاری ئەوەیان خستووەتە سەر یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان کە دەبێت ئەو سێ کەسە دەستبەسەرکراوە ئازاد بکرێن و وەک ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرای کردووە مەسعود بارزانی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە سلێمانی و سزادانی ئەم شارەی کردووە.
ئەم کۆمەڵە ڕووداوە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی پارتی و بەرپرسەکانیی بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا کردووە، ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە ڕۆژێک دادێ بچێتە مێژووەوە و کۆتاییەکەی وەک حوسنی موبارەکەکان و سەدامەکان و قەزافییەکان لە لاپەڕەکانی مێژوودا ببنە وانە و پەند بۆداهاتوو، بێگومان ئەم ملهوڕییەی ئێستا بۆ پارتی ناچێتە سەر و بەرەی گەل سەرکەوتن بە دەست دێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button