وەزیرى ناوخۆ: لەمەودوا تاوانباران ناتوانن به‌ ئاسانی ده‌ربازیان ببێت

لڤین:

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سیسته‌مێكی نوێیان بۆ به‌دواداچون و ده‌ستگیركردنی داواكراوان و تاوانباران دامه‌زراندووه‌،هۆكارێكی سه‌ره‌كی زۆربوونی رێژه‌ی تاوان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ تاوانباران وه‌ك پێویست سزا نادرێن.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ ( سێشه‌ممه‌، ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ) رایگه‌یاند،” پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی داواكراوان پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ و چۆن هێزه‌كانی ناوخۆ هاوكاری دادگا ده‌كه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ دادگاكانیش هاوكار بن و ئازادكردنی تاوانباران ئاسان نه‌بێت”.

ئاماژەی بەوەیشدا،” به‌ گوێره‌ی سیسته‌می نوێ تاوانباران ناتوانن به‌ ئاسانی ده‌ربازیان ببێت، به‌ شێوه‌یه‌ك هیچ پانتاییه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌میان نامێنێته‌وه‌”.

جەختیکردەوە،‌” پێویسته‌ دادگاكان هیچ تاوانبارێك به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد نه‌كه‌ن كه‌ كه‌یسه‌كه‌ی كه‌فاله‌ت نایگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ وا ده‌كات رێژه‌ی تاوان زیاتر بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌نده‌ توندتر بن له‌سه‌ر سزادانی تاوانباران رێژه‌ی تاوان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،” گرنگه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گشتاندنی بۆ بكرێت و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیس كاری پێ بكه‌ن”.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە سیستەمەکە ئاشکرای کرد،” پێشتر له‌ دهۆك ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌یڕوكراوه‌ و سه‌ركه‌وتوو بووه‌، بۆیه‌ داوامان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌رێم كردووه‌، هه‌مان ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ هه‌ولێر و پارێزگاكانی دیكه‌ش جێبه‌جێ بكرێت”.

باسى لەوەش کرد،” ته‌نها رۆڵی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ هێزه‌كانی پۆلیس ناده‌رێت، به‌ڵكو هێزه‌كانی ئاسایش و هه‌واڵگریش رۆڵێكی كارا ده‌بینن و ئامانجی سه‌ره‌كیش بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ ئاسایشی ناوخۆ و ئه‌ركی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌”.

وەزیری ناوخۆ جەختیکردەوە،” هۆكارێكی سه‌ره‌كی زۆربوونی رێژه‌ی تاوان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ تاوانباران وه‌ك پێویست سزا نادرێن”.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا داواشی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كان و سه‌رۆك هۆز و ریشسپیانی كوردستان كرد، هیچ بكوژ و تاوانبارێك لای خۆیان داڵده‌ نه‌ده‌ن و هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button