لەپاش ئینقلابی ئامۆزاکان

محەمەد زاهیرشا ( 1914 – 2007 ) لە پاش کوشتنی نادرشای باوکی لە 1933 دا ، دەکرێتە پادشای وڵات . هەر لەمنداڵیەوە لە قۆناغەکانی خوێندنی کابول و دواتر پاریسەوە لەگەڵ محەمەد داود خان (1909 1978) ی ئامۆزایدا ، پێکەوە دەبن . کاتێک دەبێتە پادشا ، محەمەد داودی ئامۆزای دەکرێتە سەرداری سوپا . دواتر لە 1953 تا 1973 ئامۆزاکەی سەرۆک وەزیرانی شانشینەکەی دەبێت.
لەماوەی حوکمداری هەردوو ئامۆزادا، ئەفغانستان گەشەیەکی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی دیاری دەبێت، وەک دەوڵەتێکی کاریگەر لەناوچەکەدا لە هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت، تەنانەت شانشینی ئەفغانستان لە دامەزراندنی دەوڵەتی پاکستاندا لە 1947 دەوری مەرجداری یەکلاکەرەوە دەبینێت.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەردوو ئامۆزای پادشا و سەرۆک وەزیران، ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیانەوە ، لە 1973دا کاتێک پادشا محەمەد زاهیر بۆ چارەسەری تەندروستی سەردانی ئیتالیا دەکات، محەمەد داودخانی ئامۆزای ئینقلابی بەسەردا دەکات. وڵات لە پادشایەتیەوە دەگۆڕێت بۆ کۆماری.
بەشداری بە حیزبی خەلق ( کۆمۆنیستەکان) لە حکومەتەکەیدا دەکات. تاوەکو کۆمۆنیستەکان لە 1978دا لە خۆشی هەڵدەگەڕێنەوە و ئینقلابی بەسەردا دەکەنەوە، لە 1979 دا یەکێتی سۆڤیەت ناچاردەکەن بەشداری لەو جەنگە ناوخۆییەدا بکات کە لەپاش کودەتاکەوە پەرەی سەندبوو.
ئینقلابی ئامۆزاکان کۆتایی بەو گەشە و ئارامیە هێنا کە لە وڵاتدا لەئارادابوو. شەڕی تائیفە و قەبیلە و مەزهەبە سیاسی و ئایینیەکان ئەو وڵاتەی بەرەو وێرانەیەک برد کە تا ئەمڕۆش ئاگرەکەی هەر کڵپەدەستێنێت و نەکوژاوەتەوە..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button