حەوت ساڵ بەردەوامیی جینۆساید

لڤین: یوسف محەمەد سادق

دوای حەوت ساڵ لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، هێشتا هەزاران هاوڵاتیی ئێزیدی چارەنوسیان نادیارە. هێشتا شەنگال دەستی ئاوەدانیی پێنەگەشتوە. هێشتا ئەوانەی 2014 دەبو شەنگال بپارێزن، بەڵام لەبری ئەوە بێ ئاگاداریی خەڵکی بێگوناهی شەنگال هەڵاتن و، ئێزیدییەکانیان وەک نێچیرێکی بێچەک بۆ داعش بەجێهێشت، دادگایی و سزا نەدراون. ئەمەش بوەتە هۆی دڵشکانی بەشێکی زۆری ئێزیدییەکان لە کورد بون و، ساڕێژ نەبونی برینی قەتڵوعام و بێسەروشوێن کردن و بەکەنیزە گرتنی دەیان هەزار کوردی ئێزیدی.

وەک شایەتێکی ئەو رۆژگارە تاریکەی گەلەکەمان، بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەو پێشمەرگە قارەمانە ئێزیدییانە بکرێت کە پێچەوانەی بەرپرسەکانیان خەڵکی شەنگالیان جێنەهێشت و لە چیای شەنگال بەرگرییان لێکردن. هەروەها دەبێ ئازایەتی و گیانفیدایی شەڕڤانانی رۆژاڤا بەبیربهێنینەوە کە بە شەڕ رێگایەکی ئارامیان لەسەر سنور و ناو خاکی رۆژاڤا کردەوە بۆ رزگار کردنی ئەو هاوڵاتی و پێشمەرگانەی لە چیای شەنگال گەمارۆ درا بون.

ئێمە گەلێکین قەت پەند لە شکستەکانمان وەرناگرین و کەسیش بەرامبەر نوشوستییەکان بەرپرسیار ناکەین. بۆیە هێشتا شکست و نوشوستی و جینۆسایدی تریش لە پێشمانە نەک لە پشتمانەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button