ئەو ڕاستیانەی دەمەوێت لەبارەی چالاکوانانی بادینان بۆ مێژو و بیڵێم..

بۆ چەندەمین جارو ھەر لەسەرەتاوە لە دۆسیەی دادگایککردنی چالاکوانانی بادینان ئامادەدەبم.
چەند ڕەخنەو سەرنجێک:
یەک: تۆمەتەکان بەتێکڕا ھەوڵی تیرۆکردن و کاری سیخوڕی و ئاژاوەیە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نیەو چەکێک دەستگیر نەکراوە..
دوو: ئەمڕۆ بۆ دوەمجار شیروان شیروانی وتی: لەوانەیە ٥٠ وەرقەم پێئیمزاکرابێت لەژێر ھەڕەشەی ناموس و لێدان..
ئەیاز کەرەم، ڕویکردە نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و وتی: بەلێدان قسەمان پێکراوەو ئەو قسانە ھیچی ھی ئێمە نین..
شیروان شیروانی و ئەیاز کەرەم و شڤان سەعید، کرابونە شاھید بەسەر بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی و گوھدار! ھەرسێکیان ڕەتیان کردەوە کە ئەوە وتانەی وەک شاھیدی دەخوێندرێتەوە ھی ئەوان بن..
ئایا دەکرێت لە ژێر ئەشکەنجەدا کەسێک بکرێتە شاھید بەسەر کەسێکی دیکەوە! دادگا و داواکاری گشتی بێدەنگ بون!
ھەرچەندە لە ھیچ شاھیدیەک باسی گروپی چەکدارو سیخوڕی نەکرابوو!
سێ: ئەمە چەندەمین جارە بەبێ ئەوەی خۆی ئامادەبێت یان ناوی بھێندرێت کەسێک بە ژمارەی نھێنێ. ژۆژێک دەگوترێت شاھیدی ژمارە ٥٠ و ڕۆژێک ٣٥، لە دادگا دەخوێندێتەوەو دەڵێ: ئەمانە گروپی چەکداریان ھەبوە بۆ کوشتن و تیرۆر! لە دادگا کەسێک، کە کەس نازانێت ھەیە یان وەھمەو کێیە؛ چۆمن دەبێ وە شاھید بۆ حوکمدان وەربگیرێت!!!..
چوار: ئومێد بەڕۆشکی ئەمڕۆ ھاواری دەکرد دەیوت: ساڵێکە پارێزەری خۆم نەدیوە!!
پێنج: ئەم پرۆسەی دادگاییکردنە زۆر زۆر خاو بەڕێو دەچێت و وابڕوات تاوەکو ساڵێکی دیکە کۆی دۆسیەکە کۆتایی نایەت!
شەش: ئەمڕۆ نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش، مامۆستا بەدەل و ئومێد بەڕۆشکی تۆمەتبارکردبو بەوە گروپی چەکرداریان ھەیە، نە دەمانچەیە گیراوەو نە بەڵگەیەک؟
دادوەر وتی: بەڵگەت چیە؟
نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش وتی: شیروان شیروانی وتوویەتی!!
من لەسەرەتایی ئەم دۆسیەوە لە دادگام ھەرگیز پێشتر شیروان قسەی وای نەکردوە! قسەکانی پێشتریش لە دادگا تۆمارکراون، ئەمڕۆش خۆی ڕەتیکردەوە ھیچ گروپێکی چەکدار بونی ھەبێت!
حەوت: پێیان دەگوترێت بەشداری خۆپیشاندانت کردوە! ئێ خۆ ئەم کەسانە بە تۆمەتی خۆپیشاندان نەگیروان، تۆمەت تیرۆرە!
ھەشت: پرسیاریان لێناکرێت چەکیان پیگیراوە یان ھەوڵی تیرۆرکردنی کەسێکیان داوە، دەڵێن: لە گروپی چاتدا بون؟ !

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button