ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەباوە

لڤین:
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، ماوەی گەڕاندنەوەی تەندەری بۆ دامەزراندنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر درێژ کردەوە.
لە ئاگاداریی نامەیەکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی گەڕاندنەوەی تەندەری بۆ دامەزراندنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر درێژ کردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە وێستگەکانی بەرهەمێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بە توانایی 25 مێگاوات لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک جێبەجێ دەکرێن، کە بە وزەی خۆر بە شێوازی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە “کاتی گەڕاندنەوەی تەندەرەکان بۆ رۆژی (2021/8/24) درێژ کراوەتەوە، پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە هەمان مەرجەکانی پێشوو دەبێت، کە لەناو تەندەرەکە ئاماژەی پێکراوە”.
هەر لە ئاگاداریینامەکەدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەداوە کە “بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەکانی نوێبوونەوە و ئەو وزانەی کە تێچوونی بەرهەمهێنانیان کەمە، لە کارە پێشینەکانی وەزارەتی کارەبایە” و لە هەوڵدایە بەپێی توانایی زۆرترین پرۆژەی هاوشێوە، وەک وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلۆک جێبەجێ بکات.