مەکگۆرک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ کازمی و بەرهەم ساڵح کۆبوەوە

لڤین:
برێت مەکگۆرک، ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوەوە و لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی گفتوگۆیانکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەمڕۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندی هاوڕێی.
لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کەلتووری لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، هەروەها دووپاتکرایەوە لەگرنگی درێژەدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەکێشکردنی لەسەرتاسەری ناوچەکەدا”.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بەرھەم ساڵح جەختی لەگرنگی هێورکردنەوەی تەنگژەکانی ناوچەکە کردەوە بەپشتبەستن بەدیالۆگ، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق بنەمایەکی گرنگی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەیە، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی هاوئاهەنگی بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە.