ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچە دەکات

لڤین:
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەیاداشتێکدا داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکات، لێبڕینی مووچە کۆتایی پێبهێنێت و هاوسەنگی لەنێوان دەوام و مووچەی مووچەخۆران ڕابگیرێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆبوەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد.
لە کۆنگرەکەدا ئازاد محەمەد، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا بەکۆی دەنگی ئەندامان یاداشتیکیان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و تێیدا داوایانکردووە کۆتایی بەلێبڕینی مووچە بهێنرێت.
ئازاد محەمەد، باسی لەئەوەشکرد، پێشنیازەکە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەروەها بە پێویستیشیزانی هاوسەنگی لەنێوان دەوام و مووچەی مووچەخۆران ڕابگیرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشناکرێت و لێبڕینی مووچەش بەردەوامە.