چه‌كدارانی داعش کرێکارێک دەفڕێنن و لەبەرامبەردا داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکەن

لڤین:

فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان كرێكارێكی عه‌ره‌بیان رفاندوه‌ و داوای بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆریش ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی.

غازی فه‌یسه‌ڵ، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری قه‌زای مه‌خمور، له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاندووە،” ئه‌مشه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ ماڵی كرێكارێك له‌سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان به‌ناوی ئه‌سیر ئه‌حمه‌د خزر كه‌ پیشه‌ی كرێكاری ئامێری بیرهه‌ڵكه‌ندنه‌ و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رفاندویانه‌.”

فەرماندەکەی پێشمەرگە، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە،” به‌پێی زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌و كرێكاره‌ به‌ره‌و شاخی قه‌ره‌چوغ رفێندراوه‌، كه‌ ئێستا له‌و ناوچه‌یه‌ چه‌كدارانی داعش مۆڵگه‌یان هه‌یه‌ له‌ نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌دا.”

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، ئاشکرای کردووە،” بۆ ئازادكردنی ئه‌و كرێكاره‌ و ئه‌و هاوڵاتیه‌شی له‌ شه‌وی ( ٦ )ـی ئه‌م مانگه‌ رفێندرا، چه‌كدارانی داعش داوای بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان له‌ خانه‌واده‌كانیان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنیان.”

سەبارەت بە هۆکاری زیاد بوونی جم و جوڵی چەکدارانی داعش و ڕفاندنی هاوڵاتیان، فەرماندەکە، بە خەندانی، وتووە،”  هۆكاری رفاندنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ و روداوه‌ ئه‌منیه‌كان، بۆ لاوازی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ تا بۆشایی ئه‌منیه‌ی له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق پڕنه‌كرێته‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ روداوانه‌ به‌رده‌وامیان ده‌بێت.”

به‌پێی وته‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌،” پێشتر سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان و هێزی هاوبه‌شیان له‌ زیادبونی مه‌ترسییه‌كانی داعش ئاگاداركردوته‌وه‌ و له‌ ئێستادا چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ بونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جددی.”

جێگەی ئاماژە پێدانە، چەکدارانی داعش ناو بەناو لەو شوێنانەی کە هێزی ئەمی تێدا نییە هێرش دەکەنە سەر گوندنشینان، وە شه‌وی ( ٦ )ـی ئه‌م مانگه‌، هاوڵاتییه‌کی كورد به‌ناوی حه‌كیم ئیسماعیل، كه‌ پیشه‌ی شوانه‌ له‌ نزیك مه‌عمه‌ل گه‌چ كه‌ كیلۆمه‌ترێك له‌ قه‌زای مه‌خموره‌وه‌ دوره‌ و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ رفێنرا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button