لە بۆسەیەکی داعشدا لە خانەقین، پێنچ چەكداری حەشدی شەعبی كوژران

لڤین:

لە سنوری خانەقین، لە کاتی دانانی بۆسە بۆ تیرۆرستانی داعش، چەكدارانی حەشدی شەعبی خۆیان کەوتنە بۆسەوە و لە ئەنجامدا پێنج چەکداریان کوژرا.

ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، چەکدارانی لیوای یەکییان لە ناوچەی نەفتخانە لە خانەقینی سە بە پارێزگای دیالە، لەکاتێکدا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆن بوون و ویستویانە بۆسە بۆ چەکدارانی داعش دابنێن، بەڵام لە ناکاودا خۆیان کەوتونەتە بۆسەی داعشەوە و لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەدا پێنج چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.

ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی ئاشکراشیکردووە کە هێزێکی ئەو لیوایە لە ئێستادا بەدوای پاشماوەی تیرۆریستانی داعشدا دەگەڕێن بۆ  لەناوبردن و قەڵاچۆکردنیان.

پێشتر حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو، کە هێرشێکی توندی چەکدارانی داعش، لەلایەن لیوای یەک لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە شکێنراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button