مەسعود بارزانی ئومێد خۆشناوی بۆ پارێزگاری هەولێر كاندید كرد

لڤین:
دوای بینینی سەرۆكی پارتی ئومێد خۆشناو دەبێتە كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر چەند پەرلەمانتارێكیش بۆ شوێنەكەیان لە پەرلەمان خۆیان ئامادە كردووە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە وێنەیەكی خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكردووەتەوە نوسیویەتی “ئەوڕۆ لە سەری بڵند لە خزمەت سەرۆك و پێشمەرگە”.
میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە خۆشناو كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر لە شوێنی كۆچكردوو فەرسەت سۆفی،بەوەش سەرجەم ئەو ناوانەی دیكە كە بۆ كاندیدكردن ناویان دەهات لە ركابەریەكە كرانە دەرەوە.
لە ئێستاشدا سێ پەرلەمانتاری حزبەكە خۆیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی ببنە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان و شوێنەكەی بدرێتە ئەوان هەریەكە لە لیزا فەلەكەدین كاكەی و رێبوار بابكەی و عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی چاویان لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكەیە هەڵكەوت لالە ئەنوەر شوێنی دەگرێتەوە.
پێشتر بۆ جێگرتنەوەی فرسەت سۆفی ناوی هەریەكە لە عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و موسا ئەحەمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئەحمەد كانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی ناویان بۆ كاندیدكردنی پارێزگاری هەولێر هاتبوو.
دوای نزیكەی مانگێك لە نەخۆشكەوتنی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە 18ی تشرینی دووەمی 2020 لە دەرەوەی وڵات كۆچی دوایی كرد، لە ئێستادا زیاتر لە دوو مانگ و 15 رۆژە پۆستەكەی پڕنەكراوەتەوە و جێگرەكەی بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات.