یەکگرتووی ئیسلامی: چیتر بژێوی هاو‌ڵاتیان گران نه‌كرێ و كۆتایی به‌لێبرینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بهێنرێت

لڤین:

ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی کوردستان، چیتر بژێوی هاو‌ڵاتیان گران نه‌كرێ و كۆتایی به‌لێبرینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بهێنرێت.

ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن كۆبۆوه‌ پاش کۆبوونەوەکە میدیاکانی ئەو حزب سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، بڵاویانکردەوە کە،” سه‌ره‌تا ئه‌مینداری گشتی له‌وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، و دواگۆرانكاری و پێشهاته‌كانی ڕاڤه‌كرد.”

هەروەها هاتووە،” دواتر كۆبونه‌وه‌ گفتوگۆی تێروته‌سه‌لی كرد له‌سه‌ربارودۆخی ئابوری و داوایكرد كه‌ چیتر بژێوی هاو‌ڵاتیان گران نه‌كرێ و كۆتایی به‌لێبرینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بهێنرێت.”

ئاماژە بەوەیشدراوە،” له‌به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتوو به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ ‌روانیه‌ باردۆخی ئاڵۆزو ناله‌باری سنوره‌كان و ئه‌و گرژیانه‌ی كه‌له‌سه‌ر سنوره‌كان هه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان و خۆ دورگرتن له‌شه‌ڕو پێكدادانی نه‌خوازراو .”

سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێی هەولێر لە ئاماژە بەوە دراوە،” سه‌باره‌ت به‌دوباره‌ بونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتوو ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كردو به‌كارێكی تێكده‌رانه‌ی له‌قه‌ڵه‌مداو، داواكاره‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م هێزوو لایه‌نه ‌سیاسیه‌كان هه‌لوێستی به‌رپرسیارا‌نه‌ وه‌ربگرن بۆ لابردنی ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ كه‌ ڕوده‌كاته‌ هه‌رێمی كوردستان.”

ئەوەیش هاتووە،” له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا كه‌ بریاره‌ له‌ (10/10/2021) ئه‌نجام بدرێت، وێرای تاوتوێكردنی ئاماده‌كاریه‌كان ، ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن داواكاره‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان به‌‌هه‌ستیاری و گرنگیه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ بروانن و به‌شداری گه‌رم و گور له‌ده‌نگدان بكه‌ن و هیوای خواست هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد و دوور له‌گزیكاری ئه‌نجام بدرێت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button