پۆلیسی سلێمانی بکوژی ئەو ژنەی دەستگیرکرد کە لە گۆڕستانی سەیوان فڕێدرابوو

لڤین:
پۆلیسی سلێمانی بکوژی ئەو ژنەی دەستگیرکرد کە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە گۆڕستانی سەیوان بە ڕووتی فڕێدرابوو.
عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند “ئەو كەسەی شەوی 29 لەسەر 30ی مانگی پێنجی 2021 لە گۆڕستانی سەیوان ژنێكی كوشت، پاشان تەرمەکەی بەڕووتی بەجێهێشت لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیركرا”.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وت کە تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەدا ناوە.
کۆتایی مانگی رابردوو تەرمی ژنێک لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی بەڕووتی دۆزرایەوە و سەرەتا وترا کە ژناکە بیانییە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ژنەکە خەڵکی قەزای کۆیەیە.