کەجەکە داوا لە پارتی دەکات هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ خاڵەکانی پێشووی

لڤین:

هاوسەرۆکایەتی کەجەکە داوا لە پارتی دەکات هێزەکانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە پێشتر گەریلای لێبووە، بگەڕێتەوە خاڵەکانی پێشووی کەلێی بووە، داواش لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکات هاوکاری تورکیا نەکات.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لەسەر بردنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی گەریلا و هەوڵەکانی شاندەکانی ئاشتیی بۆ ڕێگرتن لە شەڕ و پشتیوانیی لە کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: “کەجەکە پشتیوانیی خۆی لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکان بۆ پشتیوانیی لە کوردستان ڕادەگەینێت و داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە، کە کۆتایی بە هاوبەشیی لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە شەڕی کورد بێنێت”.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەجەکە داوای لە پارتی کردووە کە هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ خاڵەکانی پێشووی.

ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکە لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی هێزێکی پێشمەرگەی بردە سنوری مەتینا و بەو هۆیەشەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پێشمەرگە بە موشەکێک کرایە ئامانج و چەند پێشمەرگەیەک شەهید و برینداربوون، دواتر پەکەکە تورکیای بە بۆردومانەکە تۆمەتبار کرد، هەر لەو ماوەیەشدا شاندێکی ئاشتی کە لە ئەڵمانیاوە سەردانی هەرێمیان دەکرد بەڵام لەلایەن ئەڵمانیاوە ڕێگری لە بەشێکیان کرا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button