ئاماری به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌كی کارەبا ڕاگەیەندرا

لڤین:

عه‌لی ئیسماعیل، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێوه‌ری زیره‌كی کارەبا، له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژەی بەوەداوە،” له‌ ٤٨٪ ی هاوبه‌شانی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن پێوه‌ری زیره‌كن و له‌ كۆی ١،٤٨٠،٠٠٠ (ملیۆنێك و چوارسه‌د و هه‌شتا) هاوبه‌شی كاره‌با، پێوه‌ری زیره‌ك بۆ نزیكه‌ی ٧٠٠،٠٠٠ ( حه‌وت سه‌د هه‌زار ) كه‌سیان به‌ستراوه‌ و هه‌ردوو كرداری دیاریكردنی وزه‌ی كاره‌با و چاپكردنی پسوڵه‌ به‌ سیستمی تۆڕی زیره‌ك كه‌وتونه‌ته‌ كار.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو،” به‌ هۆی به‌سترانی ٤٨٪ پێوه‌ری زیره‌ك بۆ هاوبه‌شانی كاره‌با ئه‌م سودانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ده‌ستهاتون:

یه‌ك: كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌فیرۆدانی وزه‌ی كاره‌با له‌ لایه‌ن هاوبه‌شانه‌وه‌.

دو: به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی.

سێ: كه‌مكردنه‌وه‌ی كارپێكردنی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان، كه‌ بووه‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی هاوبه‌شانی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ ٥ هه‌زار دینار له‌م مانگه‌دا، له‌ كاتێكدا له‌ ته‌واوی عێراق (١٥ – ١٠ ) هه‌زاره‌.

چوار: كه‌مبونه‌وه‌ی پیسبونی ژینگه‌.

پێنج: كه‌مبونه‌وه‌ی كێشه‌ی هاوبه‌شان له‌ ڕوی وزه‌ی كاره‌با و زیادبونی متمانه‌ی هاوڵاتییان به‌ كاره‌بای نیشتمانی.

شه‌ش: له‌ دوره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كان، به‌ بێ هه‌راسانكردنی هاوڵاتییان و له‌ ده‌رگاكانیان نادرێت.

حه‌وت: كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رپێچی.

هه‌شت: دادپه‌روه‌ری له‌ ئه‌ژماركردنی وزه‌ی به‌كارهاتو مسۆگه‌ر بوه‌.

نۆ: پسوله‌ی كاره‌با، مانگانه‌ كه‌ پێشتر دو مانگ جارێك بو.

لە کۆتایدا وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “له‌ چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا ده‌ستی به‌ په‌رپێدانی كه‌رتی كاره‌با كردوه‌، به‌ دانانی پێوه‌ری زیره‌ك بۆ هاوبه‌شانی، به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاری كێشه‌ی كاره‌با هه‌نگاو ده‌نێت، سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستی به‌ هاوكاری و متمانه‌ی هاوڵاتیان هه‌یه‌”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button