4 حاڵەتی کەڕووی ڕەش لە کەرکوک تۆمارکران

لڤین:
چوار حاڵەتی نەخۆشی کەڕووی ڕەش لە کەرکوک تۆمارکران، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی شارەکەش دڵنیایی دەداتە خەڵک کە نەخۆشیەکە پێویستی بە ترس نییە و وەک کۆرۆنا ناگوازرێتەوە.
نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، چوار حاڵەتی نەخۆشی کەڕووی ڕەش تۆمارکراون، ڕوونیشیکردوەتەوە کە ئەو کەسانە نەخۆشی شەکرە و کەمی بەرگری خانەکانی لەشیان هەبووە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە نەخۆشیی کەڕووی ڕەش، پێویستی بە ترس نییە، چونکە وەک کۆرۆنا پەتا نییە بگوزرێتەوە و نەخۆشییەکی نوێش نییە و لە ساڵی 1885ەوە هەیە.
پێشتریش لە پارێزگای زیقار دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و چوار حاڵەتی توشبوون بە كەڕووی ڕەش تۆماركرابوون، لە سلێمانیش توشبوویەك، كە خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوو، بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشییەكەوە گیانیلەدەستدا.