ئێران ئامادەیی دەربڕیوە ڤیزا لەگەڵ عێراق هەڵبگرێت

لڤین:
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی، بۆ لابردنی ڤیزا لە نێوان وڵاتەکەی و عێراق، بەومەرجەی لایەنی بەرامبەریش بەو کارە ڕازیبێت.
ڕەسول موهاجر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووریی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بازرگانانی وڵاتەکەی و عێراق لە بەغدا رایگەیاند، ئێران ئامادەیە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق پێشبخات و ئاماژەی کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو بڕیاردراوە ئەگەر لایەنی عێراقی ئامادەبێت، ئەوا ئێران ئامادەیە هەموو چەشنە ڤیزایەک لەگەڵ عێراق هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بازرگانان و هاوڵاتیانی عێراقی بتوانن بەئاسانی سەردانی ئێران بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدا پێشتر و بەر لە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاران و بەغدا، لە ساڵی 2019دا لەسەر ئەوە رێککەوتن ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بەخۆڕایی بێت، بەڵام دواتر بەهۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیەکەوە و قەدەغەی هاتووچۆ بڕیارەکە وەک پێویست جێبەجێنەکرا.