33 ساڵ دوای ئەنفال هێشتا پێشمەرگە ناتوانێت کوردستان بپارێزێت

میدیایەکی ئەمریکی گەندەڵی ناو وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

 

لڤین:

ماڵپەڕی The National Interestی ئەمریکی تایبەت بە لێکۆڵێنەوە و شیکردنەوەی سەربازیی، شیکردنەوەیەکی دەربارەی دۆخی پێشمەرگە کردووە و باس لە ئەوە دەکات کە دوای 33 ساڵ لە ئەنفال، هێشتا کورد نەیتوانیوە پێشمەرگە بکاتە سوپایەک بتوانێت بیپارێزێت.

شیکردنەوەکە باسی لە ئەوە کردووە، کە هەر لەسەرەتاوە دروستبوونی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد بووە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی بپێکێت و لە تاقیکردنەوە سەختەکاندا، بەردەوام شکستی هێناوە.

بۆ ئەوەش ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 دەکاتە نمونە، کاتێک عێراق و ئێران ڕێککەوتنی جەزائیریانکرد، کورد نەیتوانی بەبێ پشتیوانیی ئێران درێژە بە خەبات بدات. دواتریش ساڵی 1988 کاتێک جەنگی عێراق – ئێران وەستا و ڕژێمی بەعس تەواوی هێزەکانی بەرەو کوردستان ئاراستەکرد. هێزی پێشمەرگە، کە ئەوکات نزیکەی 6 بۆ 10 هەزار پێشمەرگە دەبوون، نەیانتوانی لەبەرامبەر ئەو سوپا زەبەلاحەدا خۆیان بگرن و کوردستانیان جێهێشت.

ڕاپۆرتە شیکارییەکە نوسیویەتی:

“بەهەمان شیوەی ساڵی هەشتاکان، هێزی پێشمەرگە، بە ڤێرژنە مۆدێرنتر و، تەمویلکراوتر و، پڕ چەک ترەکەیەوە، نەیتوانی لە ساڵی 2014دا ڕێگا لە جینۆسایدی ئێزدییەکان بگرێت و کاتێک داعش هێرشیانکرد، بەبێ بەرگری ناوچەکانیان چۆڵکرد و ئێزدییەکان جینۆسایدکران. بەشیک لە ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بوون، بەعسییە کۆنەکانی وەک عیزەت دوری و چەندینیتربوون کە بەشدار و پلانداڕێژەری ئەنفال بوون، بەڵام کورد کە ئەنفالی بینیبوو، هەرگیز کارێکی نەکردبوو دڵنیابێت لەوەی دووبارە نابێتەوە”

دواتر ڕاپۆرتەکە باس لە زۆریی هێزە ئەمنییەکان و زۆریی ژمارەی پێشمەرگەدەکات و ئەوە دەخاتە بەرچاو، کە هێزەئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆرن و لەژێر چەندین ناوی وەک ئاسایش و دژەتیرۆر و چەندینیتردا کۆبوونەتەوە ئەوانە ڕۆڵی هێزی ئەمنیی ناخۆیی دەگێڕن و پێشمەرگەش ڕۆڵی سوپا و دەڵێت:

“ژمارەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمێکی 5 ملیۆنیدا، 150 هەزار پێشمەرگەیە، ئەوەش لە ژمارەی سەربازانی سوپای زۆر وڵاتی ناوچەکە زیاترە، لەوانە ئیمارات و ئازەربایجان و قەتەر. ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان وایانکردووە، هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی سەربازی.”

بەڵام ئاوهاش، کاتێک داعش بە چەند سەد کەسێکەوە هێرشیکرد، شەنگال بەبێ بەرگری ڕادەستکرا و چارەکێکی هەولێری پایتەخت چۆڵیکرد تاوەکو بەهاناوە هاتنی ئێرانییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش شارەکەی ڕزگارکرد. ساڵی 2017ش کاتێک حەشدی شەعبی هێرشیکردە سەر کەرکوک و ناوچەکانیتر، پێشمەرگە تەنیا دوو کاتژمێر توانی بەرگریبکات، ئەوەش دیارترین تاقیکردنەوەبوو بۆ هەرێم و سەلماندی کە ئەگەر هێزی سوپا بڕوخێت، ئەوا هێزە ئەمنیەکانیتر هەمویان زیادە و بێسودن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە قارەمانێتیی پێشمەرگان کردووە لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعشدا و باس لەوە دەکات لەوکاتەدا پێشمەرگەکان بە پارە و چەکی خۆیان شەڕیان کردووە و سەلماندویانە کە بەتواناترین جەنگاوەرن و ئەوەی وایکردووە ئەوماوەیە بتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە، جوامێریی پێشمەرگەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بووە، بەتایبەتی لە مەشق و ڕاهێنایاندا.

دواتر شیکردنەوەکە، ئەو هۆکارانە دەخاتە ڕو کە وایکردووە پێشمەرگە لە ئەم دۆخەدابێت و شیکەرەوەکان بگەنە ئەو ئەنجامەی ناتوانێت کوردستان بپارێزێت.

یەکەمین هۆکار کە باسیدەکات گەندەڵییە و نمونەی ئەو هاوکارییانە دەهێنێتەوە کە لە کاتی شەڕی داعشدا دەدرایە پێشمەرگە و دەنوسێت:

“هاوپەیمانان مەشق و هاوکارییان بۆ پێشمەرگە دابیندەکرد، هەرچەندە زۆرینەی هاوکارییەکان بۆ بەرژەوەندیی کەسیی بەکاردەهێندران. بۆنمونە ئەو چەک و پێداویستییانەی بۆ ئەوان دەنێردرا، دواتر لە بازاڕی ڕەشدا بەردەست دەبوو. پێشمەرگە ناوبانگی باشترین جەنگاوەری دژی داعشی بەدەستهێنا، بەڵام خراپیی ئیدارەدان و هەڵە ستراتیجییەکان و گەندەڵی، وایانکرد پێشمەرگە شکستبهێنێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی”

باس لە ئەوەشدەکات، حکومەتی هەرێم لە سەرەتای دروستبوونیەوە، نەیتوانیوە هێزی پێشمەرگە بکاتە هێزێکی سەربازیی ڕاستەقینە و یەکگرتوو، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ئەوەیە، کە وێڕای بوونی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام فەرماندەیی هێزەکان بەدەست هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتییەوەن و ئەو شەڕە ناوخۆییانەی لە چل ساڵی ڕابردوودا دژی یەکتری کردویانە، بووەتە هۆی بێمتمانەیی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا و وایکردووە هێزێکی یەکگرتووی ڕێکخراو دروستنەبێت و وەزارەت هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت بەسەریاندا. ئەگەر چی چەند لیوایەکی هاوبەش دروستکراوە لەژێر سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، بەڵام ژمارەیان کەمە و فەرماندەکانی ئەو لیوایانەش بەسەر دوو حزبەکەدا دابەشبوون و زیاتر گوێڕایەڵی ئەوانن وەک لە وەزارەت.

لە لایەکی ترەوە، حکومەتی هەرێم وێڕای چيندین بودجەی زەبەلاح و هاوکاریی نێودەوڵەتی، تا ئێستا چەکی پێویستی بۆ پێشمەرگە دابیننەکردووە و تەنیا چەکی سوکیان پێیە، کە زۆرینەی کڵانشیکۆفی چینی ژەنگاوی و دەستی دوون و تا ئێستا نە هێز و نە بەرگریی ئاسمانیی نییە و پێشمەرگەش درعی نییە. بۆیە هێشتا پێشمەرگە هێزێکە زیاتر بۆ شەڕی پارتیزانی دەبێت، وەک لەوەی هێزێکی سوپایی بێت و بەرگری لە وڵاتێک و گەلێک بکات.

وەلانان و گرنگینەدان بە پێشمەرگە وەک هۆکارێکیتر لە شیکردنەوەکەدا خراوەتە ڕو و نوسراوە:

“تواناکانی پێشمەرگە بەهۆی هۆکارە ناوخۆییەکانەوە بە ڕادەیەکی زۆر داڕماوە، ئەوان موچەکانیان زۆر کەمە و ساڵانە چوار بۆ شەش موچە وەردەگرن و بە نزیکەیی سەرجەم پێشمەرگەکان کارێکیتر دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوییان”

لە ڕوی گەندەڵیشەوە نوسیویەتی:

“بڕێکی زۆری بودجەی دیاریکراو بۆ پێشمەرگە ئیختلاس دەکرێت بۆ هێزەکانی سەر بە بنەماڵە سیاسییەکان و فەوجە تایبەتەکان. ئەو هێز و فەوجانەش تەنیا خزمەتی یەکێتی و پارتی و هەندێک لە حزبە بچوکەکان دەکەن و پۆ پارێزگاریکردن لە مۆڵک و سامانی کەسایەتییەکانی ئەو حزبانە بەکاردێن.”

بەهۆی ئەو هۆکارانەوە، شیکارییەکە دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی لە کۆتاییەکەیدا بنوسێت:

“وەک ئەوەی مێژوو چەندبارە نیشانی دەدات، ئاسایشی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام شکستی هێناوەتەوە و بووەتە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لە دەستکەوتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان. ئێستاش، لە سنوری بێ دەریای هەرێمی کوردستاندا، پێشمەرگە بەردەوامە لە پاراستنی کیانێکی سیاسی لەبەرامبەر ئەویتردا. گەندەڵی و پشتگوێخستن، وای لە ئەو هێزە کردووە، نەتوانێت بەرپەرچی هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بداتەوە.

33 ساڵ دوای هەڵمەتەکانی ئەنفال، کوردی عێراق نەیانتوانیوە بوونی خۆیان مسۆگەر بکەن. هێزی پێشمەرگە کە بۆ ڕزگارکردنی کورد دامەزرا، ناتوانێت گرەنتیی مانەوەیان بکات، نەک ئازادییان”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button