دایک و باوکی رامین حوسێن پەناهی رێیان پێنادرێت لە ئێران بچنە دەرەوە

لڤین:

دایک و باوکی رامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە سێدارە درا، مافی چونە دەرەوەیان لە وڵاتەکە لێقەدەغەکرا، هەرچەندە نزیکە سێ ساڵە کوڕەکەیان لە سێدارە دراوە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، میرزا حوسێن پەناهی و شەریفە زەڕینی، باوک و دایکی رامین حوسێن پەناهی، بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتەکانیان سەردانی فەرمانگەی پاسپۆرتی شاری سنەیان کردووە و پێیان ڕاگەیەندراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ناتوانن لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی برای رامینی لەسێدارەدراو بە رێکخراوەکەی راگەیاند  “لە فەرمانگەی پاسپۆرت بە دایک و باوکمیان ڕاگەیاندووە کە سەڕەڕای ئەوەی کە ناکرێ پاسپۆرتەکانتان بدەینەوە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتتان نیە”.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی 23ی کانونی دووەمی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و دواتریش دوای یەک دانیشتنی دادگا بە تاوانی ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی شەممە 8ی ئابی 2018 لەگەڵ لەگەڵ هەریەکە لوقمان مورادی و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێداره دران.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button