لاهور شێخ جەنگی: داواکارین حکومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی قەڵادزێ بکاتەوە

لڤین:
هاوسەرۆکی یەکێتی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبووی خەڵکی قەڵادزێ بکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش خزمەتگوزاری زیاتر بگەیەنێتە ناوچەکە.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی لە ساڵیادی شەهیدانی بۆردومانی قهڵادزێ و زانكۆی سلێمانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیادای رایگەیاند: یاد و یادەوەرییان بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدە نەمرەکان دادەنەوێنین.
هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: ٤٧ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٤ـی٤ـی١٩٧٤ شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانکۆی سلێمانی له لایهن فرۆکە مەرگچێنەکانی ڕژێمی لهناوچووی بهعسهوه بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران کران و ژمارەیەکی زۆر لە خهڵكی مەدەنی و بێ دیفاعی قهڵادزێ و خوێندكاران و مامۆستایان و فهرمانبهرانی زانكۆی سلێمانی كه ئهو كات له قهڵادزێ بوو شەهید و بریندار بوون.
ئەو وتوشیەتی: لە هەشتەمین ساڵیادی بۆردومانەکەشدا خەڵکی ئەو شارە خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدا و لە دژی ڕژێمی بهعس ڕاپەڕین، بەڵام له لایهن ئهمن و ئیستخباراتەکانی بەعسەوە بە گولـلە وهڵامدرانهوه و له ئهنجامدا دوو ژنی قارەمان بە ناوهكانی (دایكه ئامینه و خوشكه سنهوبهر) شەهید بوون و دهیانی تریش برینداربوون و سهدان كهس زیندانی كران.
بەبیریشی هێناوەتەوە دواتر له ساڵی ١٩٨٩، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاکان لە هەولێر و سلێمانی “دواتر بە پیلانی بەعس و بێبهزهییانه شارهكەیان كاول و وێران كرا و لهگهڵ زهویدا یهكسان کرا”.
هاوسەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: ئهم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لهناوچوو هاوشێوهی تاوانهكانی تری ئەنفال و کیمیابارانکردن بوو کە لە چوارچێوەی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا تەنیا لەبەر ئەوەی ناسنامەی کوردبوونیان هەڵگرتبوو.
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاند: یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن و خەڵکە قارەمان و تێکۆشەرەکەی.
ناوبراو داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کردووە “قهرهبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیانلێكهوتووان بکاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بەو ناوچەیە بکات و داواکارییەکانی خەڵکەکەی جێبەجێ بکات”.