وەزیری ناوخۆ لە بارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر قسەیکرد

لڤین:
وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە بارەی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند پرسێکی دیکە قسەیکرد و ڕایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن مەترسیدارە و لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکە بەردەوامە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە مەترسیدارە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن، جەختیشیکردەوە کە هێرشەکە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، وتیشی: “بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی سەر بەهەرێم و حکومەتی عێراق هۆکارن بۆ ئەوەی گروپە چەکدارییەکان هێرش بکەنە سەر هەولێر و شوێنەکانی تر، هۆکارەکەش ئەوەیە چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان هەڵنایات”.
ڕێبەر ئەحمەد، لەبارەی رێککەوتنی شەنگال-یش لەگەڵ حکومەتی ناوەند وتی، “بەداخەوە لەبارەی رێککەوتنی شەنگال هیچ بەرەو پێشچونێک نیە ئەو هێزانەی کە ئێستا لە شەنگالن هەمان ئەو هێزانەن کە پێشتر لەوێ بوون، هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەنراوە، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکەم رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت”.
لەبارەی بۆردومانی سنورەکانیش لەلایەن فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیاوە، رێبەر ئەحمەد، باسی لەوەکرد، “هەڵوێستی حکومەت زۆر ڕووونە، چەندینجار باسمان کردوە، ئەو کێشانە لە لایەن پەکەکەوە دەنرێتەوە و ئەو شەڕانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەکرێت کێشەی عێراق و هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو ئەوە کێشەی دەرەکیە و داوامان کردوە و دووپاتی دەکەینەوە دەبێت ئەو کێشانە ببرێنە دەرەوە.
هاوکات، لەبارەی ئەو کەسەی چەند ڕۆژی پێشوو هاوسەرەکەی خۆی لەهەولێر کوشت، ئاشکرای کرد، “تاوانبار هێشتا دەستگیرنەکراوە و بۆ دەرەوەی شار هەڵهاتووە و بڕیاری گرتنی بۆ دەرچووە”.
وتیشی: “داوا لە ڕاگەیاندنەکان دەکەم دیدار لەگەڵ تاوانباران نەکەن و نەبنە جێگرەوەی دادگا یاخود داوای وردەکاری تاوانەکە لە تاوانباران و کەسوکاری قوربانیان نەکەن”.