مەسرور بارزانی: بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئازادی ڕۆژنامەوانی دەکەم

لڤین:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێکخەری سەنتەری میترۆ کرد و رایگەیاند، پشتگیریی ئازادی ڕۆژنامەوانیی دەکات و پێویستە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە پێدانی زانیاریی دروست، يارمەتیدەری کاری ڕۆژنامەوانیی بن.
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ سێشەممە 13 ی نیسان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کرد .
هەرچەندە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوسانی بادینان لە زینداندان، بەڵام هەواڵەکەی سەرۆکی حکومەت هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە لەو کۆوونەوەیەدا لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ باسیان لە دۆخی ئەو رۆژنامەنوسانە کردبێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە ڕۆژنامەوانانی کوردستان کردووە هاوکار و یارمەتیدەری کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی .
بارزانی لە دیدارەکەدا وتوشیەتی، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئازادی ڕۆژنامەوانیی دەکات و پێویستە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە پێدانی زانیاریی دروست، يارمەتیدەری کاری ڕۆژنامەوانیی بن، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، پیشەییانە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوە “ڕێکخەری سەنتەری میترۆ وێڕای خستنەڕووی کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکە، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و خوازيار بوو، بە هاوکاری هەموو لایەک، ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی زانیاری بەرفراوان بکرێت ، کە مەرجێکی گرنگی پێشکخستنی دیموکراسییە لە کوردستاندا”.
لە رۆژی ١٠ی شوباتی ئەمساڵیس پێش بڕیاری دادگا سەرۆکی حکومەت رایگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی لە بادینان دەستگیرکراون رۆژنامەنووس نین و ئەوانە تێکدەر و سیخوڕ و تیرۆرست بوون، دوای ئەو قسەیەش لە رۆژی ١٥ی شوبات دادگای تاوانی هەولێر سزای ٥ رۆژنامەنوس و چالاکوانی بە شەش ساڵ زیندانی دەرکرد.