پارتی و یەکێتی بەجیا هەوڵی هاوپەیمانێتی دەکەن

یەکگرتوو لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردنی عێراق

لڤین:

لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لایەنە سیاسیەکانی هەریم دەسیان کردووە بە ئامادەکاری و ئەمڕۆش یەکگرتوو بە ئاشکرا باسی لە ئامانجی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان کرد.

یەکگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ بە مەبەستی خستنەڕووی بیرۆکەی هاوپەیمانیەتیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و بیرۆکەکەیان لە بەرزترین ئاستدا گفتوگۆکرد.

بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، سەردانەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و لەلایەن عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە و شاندێكی باڵا پێشوازیانلێكرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکەدا باس لە” ئامادەسازییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی و یەكخستنی دیدو بۆچونەكان بۆ شێوازی بەشداریكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق” کراوە.

بە گوێرەی زانیاریەکان یەکگرتوو هەمان داواشی لە کۆمەڵی دادگەری  و نەوەی نوێش کردووە، هۆشداری داوە بەو حزبانە کە بەبێ هاوپەیمانی ناتوانن ئەنجامی گونجاو بەدەست بهێنن بە هۆی سیستەمی نویی هەڵبژاردنەوە.

زانیاریەکانی لڤین ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان دڵخۆش بوون بە پێشنیارەکەی یەکگرتوو بەڵام کۆمەڵی دادگەری ساردی لە وەڵامەکەیدا هەبووە.

لڤین ئەوەشی زانیوە کە کۆمەڵ بیرۆکەی کارکردنی هاوپەیمانی هیوای بۆ ئەو حزبانە خستووەتەروو کە دەتوانن بۆ داهاتووش سوود لەو پەرلەمانتارانە ببینن کە لەو هاوپەیمانێتیەدان.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بۆ ئەوەی دەرفەتبداتە لایەنەکان، وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیی لە هەڵبژاردنەکەدا بۆ سەرەتای مانگی ئایار درێژ کردووەتەوە.

رۆژی یەکشەممەش خەسرەو گۆران، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی اپرتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند ئەوان لە ئێستادا سەرقاڵی دیاریکردنی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردن، هەوڵیش دەدەن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیتی.

سەرچاوەکانی نزیک لە پارتیش رایانگەیاندووە پارتی دیموکراتی کوردستان  لەگەڵ ڕەوتی سەدر چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی هاوۆەیمانێتی ئەنجام بدات، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن

لە لایەکی دیکەشەوە یەکێتی نیشتیمانیش لەگەڵ جەند لایەنێکی شیعە گفتوگۆی شێوازی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام بیرۆکەی هاوپەیمانێتی ئەو حزبە تەنها لەگەڵ رەوتی حیکمە خراوەتەڕوو باسی لێوەکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button