قوباد تاڵەبانی: بەسەرهاتی دوو ژن خۆشحاڵ و نیگەرانیان کردم

لڤین:
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئەمڕۆ بەسەرهاتی هەریەکە لە مهاباد مەستی و نەمام غەفوری “خۆشحاڵ و لە هەمان كاتیشدا خەمبار و نیگەرانیان كردم”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بەر لە چەند ڕۆژ، خاتوو میدیا مەستی، پاش تەواوكردنی خولی ئەكادیمیای ساندهۆرستی سەربازی شاهانەی بەریتانی بەسەركەوتویی لەلایەن سوپای شانشینی یەكگرتووەوە خەڵات كرا.
ئەو لەبارەی مهاباد مەستییەوە دەڵێت: ئەم خاتوونە پێشتر لە نەخۆشخانەیەكی پێشمەرگە خزمەتی كردووە و بەم هەنگاوە نوێیەشی سەری گەل و وڵاتی خۆی بەرزكردەوە و وێنەیەكی جوانی توانا و لێهاتویی بۆ ژنی كورد نەخشاند كە جێگای شانازیكردنی گەلەكەیەتی.
تاڵەبانی هاوکات لەبارەی کۆچی دوایی دکتۆرە نەمام غەفوری دەڵێت “هەرچەندە دەرفەت نەڕەخسا پێشتر لە نزیكەوە بەڕێزیان بناسم، بەڵام ئەو وەك نمونەیەکی باڵای كاری خۆبەخشی و دڵسۆزی و خەمخۆری خۆی بەهەموولایەك ناساندبوو. زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە ئەوروپا لە ژیانێکی ئارامدا دەژیا، بەڵام لەشەڕی داعشدا، وەک پزیشکێکی خۆبەخش گەڕایەوە کوردستان و هەر لە عەفرینەوە هەتا شەنگال و هەموو بەرەکانی جەنگ خزمەتی بریندار و لێقەوماوانی شەڕی دەکرد و بەهانای ئاوارە و ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشەوە دەچوو”.
جێگری سەرۆکی حکومەنتی هەرێم دەشڵێت: ئەم چیرۆكانەی ژنانی كورد ژیان ڕەنگینتر دەكەن و شایستەی ئەوەن بەوانە بخوێنرێن.