لەدوای بودجە..

بەشی هەرێم لە بودجەی عیراق دەنگی لەسەردرا، ئەگەر هیچ گرێ و گارێك دروستنەبێت مانگانە هەرێم بڕێكی دیاریكراو پارەی لەبەغداوە بۆ دەنێردرێت. ئەگەر ئەو بڕە لەبەغداوە بنێردرێت، لەگەڵ داهاتی خەمڵێنراوی ناوخۆ، دەكرێت بڵێین داهاتی كوردستان بەنزیككراوەییمان بۆ دەردەكەوێت.
بودجەی ساڵانە لەدوو بەشی سەرەكی پێكدێت، بەشێكیان خەرجی بەردەوام و كارپێكردنە كە بریتیە لەموچەو دەرماڵەی فەرمانبەران و هەندێك خەرجی دیكە. بەشەكەی دیكەیان بریتیە لەبودجەی وەبەرهێنان، ئەویش ئەو بڕە پارەیەیە كە حكومەت بەپێی پلانی ساڵانە بۆ پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان تەرخانیان دەكات.
لەدوای دابینكردنی خەرجی بەردەوام و كارپێكردن (موچە) پرسی خەرجی پەرەپێدان و وەبەرهێنان گەرموگوڕتر دێتەوە گۆڕێ، چونكە پرسی ناڕێكی لەدابەشكردن و خەرجكردنی پارە بۆ پرۆژەكانی ئاوەدانیی و پەرەپێدانی ناوچە جیاوازەكان، باسێكی جددیەو لەدوای موچە، دەبێتە ئەولەویەتی كاركردن لەسەری و پێویستدەكات میكانزمێك بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە.
دابەشكردنی خەرجی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاو ناوچەكان، تەنها پرسێكی ئیداریی نییە، بەڵكو تێكەڵ بەباری سیاسی و دابەشكردن و پێدانی دەسەڵاتی دارایی و ئیدارییە، پێدەچێت مشتومڕی زۆر هەڵگرێت.
ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ باس لەدانانی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ 2021 دەكرێت، لەنێو ئەو پرۆژە بودجەیەدا پرسی دابەشكردنی پارەو خەرجی وەبەرهێنان و دەسەڵاتی خەرجكردن و وردەكارییە ئیدارییەكان جێبكرێتەوە. لەوانەیە ئەمە هەوڵێك بێت بۆ رەواندنەوەی ئەو داواو خواست و فشارەی لەبارەی نادادپەروەریی و ناڕێكی لەدابەشكردنی پارەی وەبەرهێنانەوە دەكرێت، بەڵام پێناچێت ئەم هەوڵە زۆر سەركەوتوو بێت، بەڵكو وەك هەوڵێك بۆ لەباربردنی خواستی حزب و لایەنە سیاسییەكانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە بۆ پرسی لامەركەزییەت تەماشادەكرێت.
ئەزموونی چەند ساڵەی رابردوو دەریخست كە گرفتی گەورە لە مەركەزییەتی دەسەڵات و خراپی ئیدارەدان هەیە، جگە لە ناشەفافیەت و ناڕۆشنی داهات و خەرجی، نادادپەروەریی گەوەری لە دابەشكردنی داهات دروستكردووە، بەجۆرێك هەندێك ناوچە وەك وشكە ساڵی وایەو هەندێ ناوچەش ئاوەدانترو باشترە. ئەم گرفتە، بەتەنها لایەنێكی سیاسی لێی بەرپرس نییە كە گوایە هەژموونی بەسەر حوكمڕانیدا هەیە، بەڵكو هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارییان لەحكومەتدا كردووە.
ئەگەر گرفتی موچەی فەرمانبەران نەمێنێت كە كێشەیەكی جددی و چەند ساڵەی حكومەت بوو، ئەوا پرسی دابەشكردنی دەسەڵات دەبێتە ئەولەویەت، بەڵام بۆ گفتوگۆی ئەم باسە، زەمینەی گفتوگۆی سیاسی نێوان لایەنەكان بەتایبەت یەكێتیی و پارتی پێویستە، بۆ گفتوگۆی ئەم بابەتە یان دەبێ‌ بگەڕێنەوە سەر ئەو رێككەوتنەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەت كراوە، یاخود رێككەوتنێكی دیكە بكرێت و دەریچەیەكی قانونیی بۆ شۆڕكردنەوەو پێدانی دەسەڵات بەئیدارە خۆجێییەكان بدۆزرێتەوە، ئەگەر نەتوانرێت ئەم رێككەوتنە بكرێت، ئەوا گرژییەكان وەك خۆی بەردەوام دەبێت كە بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر كۆی دۆخی حوكمڕانی دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button