هاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە

لڤین:

هەریەکە لە هاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مێرگەپان کۆبوونەوە و رایانگەیاند پابەندبوون بە یاسای بودجە دەبێتە مایەی ئیستیقراری ئابوری.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی رایگەیاند لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆک و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مێرگەپانی شاری سلێمانی سەردانی بەرهەم ئە‌‌حمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیان کردووە.

هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان ئاشکرایکرد “بیرورامان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت مەسەلەی پەسەندکردنی بودجەی گشتی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد لەو بودجەیەدا”.

هاوسەرۆکانی یەکێتی سوپاسی سەرۆک کۆماریان کردووە بۆ رۆڵی لە یەکلاکردنەوە و لێکنزیکردنەوەی بیر و بۆچونە جیاوازەکان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای گشتی بودجەی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا.

ئەو چوار سەرکردەیەی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە لە  “پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و کۆتایی هێنان بە لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری”.

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی دیکە دوپاتیانکردەوە “پابەندبوون بە یاسای بودجە دەبێتە مایەی ئیستیقراری ئابوری و کۆتایی هێنان بەو کێشە داراییانەی کە ماوەیەکی زۆرە بەرۆکی خەڵک و موچەخۆرانی گرتبوو”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button