مەلابەختیار:
بەرپرس هەیە لەسەر دزیکردن لەکاتی کارەساتی هەڵەبجە ئیستاش قسەی لەگەڵ ناکەم
لڤین:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرس هەیە لەسەر دزیکردن لە کاتی کارەساتی هەڵەبجە ئیستاش قسەی لەگەڵ ناکەم.
مەلا بەختیار، لە نوسینێکدا لە ژێرناوی دزەکانی کارەساتی هەڵەبجە دەڵێت: کە یادی هەڵەبجە دەکرێتەوە، جگە لە فاشیەتی بەعس، لە ناخمدا، برینێکی تر دەکولێتەوە.
ئەو لەبارەی ئەو برینەوە دەڵێت “ئەویش زامی ئەو تاوانبارانەیە کە لەکاتی مەرگەساتەکەدا، بەناو شارەکەدا گەڕاون و تەرم تەرم هەڵیانداونەتەوە و ملوانکەی ژنان و ئەنگوستی دەستیان و سەعاتەکانیان کۆکردۆتەوە. دەستی تاوانیان بردۆتە گیرفانی قوربانیەکان و پارەکانیان دزیووە”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی راشیگەیاندووە “لە خەڵکی باوەڕ پێکراوم بیستووە کە، تاوانباری وا هەیە (هەن ماوون و هەشن نەماوون) پەنجەی ئاوساوی دەستی ژنانیان بڕیوە، هەتا ئەڵقەو ئەنگوستیلەکانیان ببەن. ماڵانیان تاڵان کردووە و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا فرۆشتویانە”.
ئەوەشی ئاشکراکردووە “لەم تاوانبارانە هەیە کاربەدەست و پلەی سەربازی گەورەیان هەیە! من ئێستاش قسەیان لەگەڵ ناکەم”.