وەزیری ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ هەڵەبجە تەرخانکراوە
لڤین:
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕی زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ 10 پرۆژە لە بواری رێگاوبان لە هەڵەبجە تەرخانکراوە.
دانا عەبدولکەریم، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٣٣هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند: لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر ھەوڵەکانمان دەکەینەوە کە بەوپەڕی تواناوە خزمەتی زیاتری ھاوڵاتیانی پارێزگای ھەڵەبجەو تێکڕای شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بکەین.
ناوبراو راشیگەیاند: لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵی ئەم کابینەیەدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە ئەنجامداوە و ژمارەیەک پڕۆژەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
دانا وتیشی: لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕی زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ (10) پرۆژە لە بواری رێگاوبان لە سنورەکە تەرخانکرا. هەمو هەوڵێکیش دەدەین لەمساڵدا چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەوانە پرد و ڕێگای توەقوت و پردی سازان بخەینە بواری جێبەجێکردن لەگەڵ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری تر.