بنەماڵەی دوو هاوڕێی نەوشیروان مستەفا رونکردنەوە لەسەر قسەکانی رێکخەری گۆڕان دەدەن

لڤین:
بنەماڵەی دوو سەرکردەی کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند، ڕێكخەری گۆڕان لەڕێی تۆمەت هەڵبەستن بۆ هاوڕێكانی دەیەوێت شەرعیەت بە تەوریسی سیاسی بدات.
قسەكانی دوێنێ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیەكی حزبیدا، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەردوو بنەماڵەی قادری حاجی عەلیو مولازم عومەر رونكردنەوەیان بڵاوكردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئەو دوو بنەماڵەیە دەڵێن: ملازم عومەر بە كاك نەوشیروانى وتووە با زەوی گردەکەی زەرگەتە بە ناوی كەسمانەوە نەبێت، سوپاسی هەر كەسێك دەكەین بەڵگەیەكمان بداتێ كە هاوڕێكانی كاك نەوشیروان پارەیان لە مام جەلال وەرگرتبێت.
دەقی روونکردنەوەکە:
ڕونكردنەوەیەك لە بنەماڵەی (قادری حاجی عەلیو ملازم عومەر)ەوە:
لەم ڕۆژانەدا، (ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان) لە كۆبونەوەیەكی حزبیدا كۆمەڵێك تۆمەتی خستۆتە پاڵ (قادری حاجی عەلیو ملازم عومەر).
قادری حاجی عەلی كۆچی دوایی كردوەو ملازم عومەریش تەمەنی هەڵكشاوەو لە ساڵی 2000ەوە دەستی لە كاری حزبیو حكومی كێشاوەتەوەو هیچ پەیوەندیەكی بە كاری سیاسیەوە نەماوە.
ئێمە (شیلان ڕۆستەم)و (بەیار عومەر) بە پێویستمانزانی لەبری هەردوكیان وەڵامی ڕێكخەری ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بدەینەوە، چونكە بەناڕەواو نادروست ناوی ئەوانی هێناوە لە كۆبونەوەوەكی حزبیدا لە گردی زەرگەتە.
پێدەچێت ڕێكخەری ئێستای گۆڕان لەڕێی تۆمەت هەڵبەستن بۆ هاوڕێكانی سەردەمی پێشمەرگایەتی بیەوێت لەیەك كاتدا هەم دڵی دەسەڵات ڕازیبكاتو هەم شەرعیەت بدات بە تەوریسی سیاسی.
ڕێكخەری ئێستای گۆڕان دەڵێت گوایە “ملازم عومەرو قادری حاجی عەلی داوایان لە كاك نەوشیروان كردوە گردی زەرگەتە بكرێت بەناویانەوە.”
ڕاستی بابەتەكە بەم شێوەیەیە؛ مام جەلال گردی زەرگەتە تەنها دەدات بە خودی كاك نەوشیروان. بەڵام كاك نەوشیروان پێی باش بووەو ویستویەتی هاوڕێكانی لەگەڵدا بێت بۆ پرۆژە سیاسیەكەی.
لە سەرەتای ساڵی 2007دا، دوای وازهێنانی كاك نەوشیروان لە یەكێتی، گردی زەرگەتەی لە مام جەلال وەردەگرێت، پێشنیار دەكات كە زەویەكە بكرێت بە ناوی خۆی و محەمەد تۆفیق ڕەحیم و ملازم عومەر و قادری حاجی عەلی و سالار عەزیزەوە، بەڵام (قادری حاجی عەلیو ملازم عومەر) ئەو پێشنیارەیان ڕەتكردۆتەوە، لەبەرئەوەی لە دوو بنەماڵەی خانەدانو چاوتێرەوە هاتوون. بێگومان هاوڕێیانی تریش هەڵوێستی جوانی خۆیان نیشانداوە.
(قادری حاجی عەلی) وتویەتی ناكرێت ئەو زەویە بخەینەسەر خۆمان چونكە لەدوای مردنمان دەچێتە سەر منداڵەكانمانو چەندین ساڵی خەباتو شۆڕشمان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو ئەو ڕێز و تەقدیرەی هەمانە لەدەستی دەدەین.
(ملازم عومەر)یش بە كاك نەوشیروان دەڵێت با زەویەكە بە ناوی كەسمانەوە نەبێتو تەنانەت بەناوی جەنابیشتەوە نەبێتو بكرێت بە وەقفو بخرێتە سەر زانكۆی سلێمانیو یاخود بكرێت بە موڵكی هەموو زانكۆكانی كوردستان. ئەوكات زەوی ناچێتە سەر منداڵی كەسمانو جەنابیشتو هەموومان بە سەربەرزی دەچینە مێژوەوە.
كاك نەوشیروان ئەوەش ڕەتدەكاتەوە. سەرەنجام ملازم عومەر زویر دەبێت و بە كاك نەوشیروان دەڵێت كاری سیاسیتان لەگەڵ ناكەمو وەكو كەسێكی خانەنشینی بێلایەن دەمێنمەوە. بەڵام هەركاتێك پێویستت بە من بوو لە خزمەتتدا ئەبمو وەكو ئەوەی لە سەردەمی شاخو پێشمەرگایەتی بەرپرسو هاوڕێم بویت، هەرگیز لە وەختی تەنگانەدا پشتت بەرنادەم. قادری حاجی عەلیو ملازم عومەر ئەم بابەتەیان بۆ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیان باس كردوە كە زۆربەیان لە ژیاندا ماون.
لە دوای ڕوداوەكانی 17ی شوباتی 2011، لەو كاتەی كە پارتی دەیانەوێت پەلاماری گردی زەرگەتەو كاك نەوشیروان بدەن؛ ملازم عومەر سەرباری ئەوەی كاری سیاسی لەگەڵ كاك نەوشیرواندا ناكات، دەچێت بۆ لای مام جەلال بۆ نێوەندگیری، بۆ ئەوەی هێزەكانی یەكێتی ڕێگەنەدەن پارتی بێنە ناو سلێمانیەوە.
مام جەلال لێیدەپرسێتو دەڵێت ئەگەر پارتی پەلاماری كاك نەوشیروان بدەن، تۆ چی دەكەیت؛ ملازم عومەر لە وەڵامدا دەڵێت قەناسە كۆنێكی سەردەمی پێشمەرگایەتیم هەیە، بەو قەناسەوە دەچم بەرگری لە كاك نەوشیروان دەكەم، چونكە بە درێژایی چەندین ساڵ هەم بەرپرسو هەم هاوڕێم بووە. دوای هەوڵو ماندوبونێكی زۆر ڕێگە بە پارتی نادرێت بێنە ناو سلێمانیەوە.
سەبارەت بەوەی كە گوایە هاوڕێكانی كاك نەوشیروان داوای پارەیان لە مام جەلال كردبێت، قسەیەكە جگە لە تۆمەت هەڵبەستنو قسەی ناڕاست، هیچی تر نیەو هیچ قورساییەكی نیە.
سوپاسی هەر كەسێك دەكەین ئەگەر بەڵگەیەكمان بداتێ كە هەر كەس لە هاوڕێكانی كاك نەوشیروان پارەیان لە مام جەلال وەرگرتبێت. ئەوەی وەرگیراوە تەنها ئەو 10 ملیۆن دۆلارەیە، كە كاك نەوشیروان خۆی بە ئاشكرا لە وتارو چاوپێكەوتنەكانیدا باسی كردوە لە مام جەلالی وەرگرتوە بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی میدیاییو ڕۆشنبیری كە دوایی گۆڕا بۆ پرۆژەیەكی حزبی سیاسی پەرلەمانی.