مێژوی مامم مەشێوێنن
وەرگیراوە لە فەیسبووكی جوامێر بەختیار مستەفا*
ئەوە یەكەم جار نیە رێكخەری گشتی گۆڕان و هەندێ لە دەورو پشتەكەی، كاك نەوشیروان تۆمەتبار ئەكەن بەوەی بینای چاودێری داراییو كارگەی چیمەنتۆو غاباتی گردی زەرگەتەو هەموو ئەو پارە و هاوكاریانەی لە كەسانی جیاواز وەرگیراون، ئەكەن بە موڵكی شەخسی كاك نەوشیروان و خۆیانی لێ نەبان ئەكەن، بە بیانوی ئەوەی كە لەكاتێكدا ئەو موڵك و پارانە وەرگیراوە، ئەوان گۆڕان نەبوون و گۆڕان دروست نەبووە، هەر بەو بەهانەیەش هەق بە وەرەسەكانی كاك نەوشیروان ئەدەن كە وەك موڵكی شەخسی باوكیان رەفتار لەگەڵ ئەو موڵكانە و پارەكاندا بكەن و بە داخیشەوە زۆرینەیەك لە هاوڕێ نزیكەكانی كاك نەوشیروان ئەم مەسەلەیەیان لێ بووە بە راستی و تیری هەمو لۆمە و گلەییو گازندەكان لە مێژوی كاك نەوشیروان ئەگرن.
ئەگەر كاك نەوشیروان پرۆژەیەكی سیاسی نەبوبێت و بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ گۆڕانكاری و رزگاری خەڵكی كوردستان بەو پارە و موڵكانە دروستنەكردبێ و لەو ساڵانەی ژیانی خۆیدا وەك مافی شەخسی خۆی رەفتاری لەگەڵ موڵكو پارەكان كردبێ، ئەو قسەیەی رێكخەری گشتی راست دەرئەچو، بەڵام هەركەس مێژوی كاك نەوشیروانو ژیانی سیاسی كۆنو ئەو ساڵانەشی بزانێ كە كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد، ئەزانێ كە ئەو هەرگیز پارەی بۆ شەخسی خۆیو ماڵو مناڵی وەرنەگرتوەو بیروباوەڕی ئەویش ئاشكرابوە لەسەر تەعامولكردن لەگەڵ موڵكی گشتیو هەر رێكخەر خۆی باسی لە هەوڵەكانی كرد كە چۆن ویستویەتی وەك وەقف یان وەك ئەسهوم لەنێوان دەستەی دامەزرێنەر یان هەر رێگەیەكیتر چارەسەری خاوەندارێتییەكەی بكات.
لەكۆتاییدا ئەڵێم كاك نەوشیروان نە خاوەنی عیمارەو موڵكو زەویو كارگە بوە نە رۆژێك لە رۆژان بیریكردۆتەوە ئەو شتانە بۆ مناڵو خزمەكانی جێ بهێڵێ، بە هاوڕێكانیشی لە بزوتنەوەكە ئەڵێین گەر ناتوانن پەیڕەوی فكرو بیروباوەڕی كاك نەوشیروان بكەن تكاتان لێ ئەكەین مێژوەكەی مەشێوێنن.
لە كۆتایشدا بە بیر رێكخەری ئەهێنینەوە كە ئەگەر ئەو موڵكانە شەخسین زەحمەت نەبێ ئێوە خۆتانو بزوتنەوەكەتان چی ئەكەن لەوێ ؟
• نوسەر برازای نەوشیروان مستەفا ئەمینە