پارێزگاری سلێمانی لەبارەی كۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسیەكان پەیامێكی بڵاوكردەوە

لڤین:
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئاشتی و دانیشتنی پێكەوەیی لایەنە سیاسیەكان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیادا داوایكرد پێویست ناكات كەس داوای لێبوردن لەكەس بكات.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەبارەی تێكدانی هەوڵی كۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەوەی تاڵیی شەڕی نەچەشتبێت تامی ئاشتیی نازانێت، لە زووەوە كورد وتویەتیی: سوار هەتا نەگلێت نابێت بەسوار، بەڵام نەگبەتی ئێمە لەوەدایە گلانیش نەیكردین بەسوار.

پارێزگاری سلێمانی لەو پەیامەیدا دەشڵێت: ئاشتەوایی؛ ئیرادەو لەخۆبوردن و لێبوردەیی و دانبەهەڵەی خۆدانانی دەوێت، پێویست ناكات كەس داوای لێبوردن لەكەس بكات.

ئەو بەبیچ ئەوەی راستەوخۆ باس لە هەوڵی تێكدانی ئەو كۆبوونەوەیە بكات و باسی كۆبوونەوەكە بكات دەشڵێت “تكایە با ویژدانی زیندووی ئەم كورستانە كە دڵسافانەو دڵسۆزانەو دڵخوازانەو جوامێرانە بە هەر هەوڵ و هەنگاوێكی ئاشتیی شاگەشكە دەبێت؛ هاندەرمان بێت بۆ ئاشتییەكی ڕاستەقینەی وەها كە بۆ هەمیشە شەڕو دووبەرەكیی و ناكۆكیی؛ بە تونی بابادا بەرێت”.

ئەوەش دوای ئەوەهات كە لە هەفتەی رابردوو شێخ مەحمود حەفیدزادە رایگەیاند كە هەوڵی رێكخستنی كۆبوونەوەی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی پارتیداوە و هەردولا پەسەندیان كردووە، بەڵام دوای ئەو لێدوانە بارەگای بەرزانی مەرجی دانا بۆ كۆبوونەوەكە، دواتریش سكرتاریەتی سەركردایەتی یەكێتی وەڵامیدایەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button