بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە نرخی گۆشت وەزارەتی کشتوکاڵ بڕی 5 ملیار دینار بۆ بەخێوکەرانی گامێش تەرخان دەکات

لڤین

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ، رایگەیاند:-کە ڕێوشوێنەکانی پاڵپشتیکردن لە نرخی گۆشت تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا سنوردار نین و ناوەستن، ئاماژەی بەوەشدا کە وەزارەتی کشتوکاڵ پێنج ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیکردنی بەخێوکەرانی گامێش تەرخانکردووە.

“مەهدی سەهەر جبوری”بریکاری وەزارەت،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند:کە حکومەت و وەزارەت چەند ڕێوشوێن و بڕیارێکیان گرتووەتەبەر بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخی گۆشت لە مانگی ڕەمەزان،لەوانەش ڕێگەدان بە هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ مەبەستی سەربڕین و هەروەها بۆ مەبەستی بەخێوکردن،ئەوە جگە لە ڕێگەدان بە هاوردەکردنی گۆشتی سوور ، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی ئاژەڵانی جیهانییەوە دەرچووە، بەتایبەتی دوای ئەو بڕیارانەی ئەم دواییە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دەرکران بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرگی بە ڕێژەی 50% لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی عێراق.

بریکاری وەزارەت ڕاشیگەیاند :- وەزارەت پاڵپشتی بەخێوکەرانی ئاژەڵ بەتایبەت لە باشووری عێراق و بەخێوکەرانی گامێش دەکات ،بەبڕی پێنج ملیار دینار،بەمەبەستی کڕینی خۆراک و دابەشکردنی بەخۆڕایی، هەروەها دابەشکردنی گەنمەشامی زەرد بەسەر بەخێوکەران بەگشتی لە پارێزگاکانی وڵات بە نرخی پاڵپشتیکراو، هەروەها گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیدا بۆ دابەشکردنی بەسەر هەموو بەخێوکەرانی ئاژەڵدا،کە ئەم ڕێوشوێنانە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەزاندنی نرخی بەرهەم.

ئاشکراشی کرد:- کە هەموو ئەو بڕیارانەی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ دراون کاردەکەن بۆ سەقامگیرکردنی نرخی گۆشتی سور لە سەرجەم پارێزگاکان لە مانگی ڕەمەزان و مانگەکانی داهاتوودا،هاوکات پاڵپشتیش دەبێت بۆ کەرتی ئاژەڵداری لە عێراق.

ڕوونیشیکردۆتەوە :-لە نێو ئەو بڕیارانەی وەزارەت کە دراون، ڕێگەدانە بە گواستنەوەی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکاندا، کە دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ دابینکردنی گۆشت لە سەرتاسەری عێراق،هەروەها ڕێگەدان بە هاوردەکاران بۆ هەڵبژاردنی چەند کوشتارگەیەک بۆ مەبەستی سەربڕین لە چەند ناوچەیەکی سەربڕینی وڵات، چونکە ڕێگە بە گواستنەوەی ئەو ئاژەڵانە دەدات کە لە هەر پارێزگایەکدا هەن بۆ پارێزگاکانی تر  و بەم هۆکارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو تێچوونانەی کە هاوردەکار لە ئەستۆی دەگرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button