ئاسایش دەستگیركردنی ئەو كەسانەی راگەیاند كە لە چەقچەق دوو كەسیان كوشتبوو
لڤین:
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی كوشتنی ئەو دوو كەسەی ڕاگەیاند كە لە شەوی 11ی ئەم مانگە لە شەقامی گشتی قلیاسان و چەقچەق كوژران.
لە راگەیەندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند كاتژمێر 1.10 خولەكی شەوی 11ی ئەم مانگە چەند چەكدارێك دەستڕێژی گوللە بە چەكی ئۆتۆماتیكی لە دوكانێكی فرۆشتنی خواردنەوە كحولیەكان دەكەن و لە ئەنجامدا دوو كەس دەكوژرێن و دوو كەسی دیكەش بریندار دەكرێن.
ئەوەشی راگەیاندووە داوی 24 كاتژمێر لە لێكۆڵینەوەكان تواندراوە ئەو كەسانەی تاوانەكەیان ئەنجامداوە دەستنیشان بكرێن و بە فەرمانی دادوەر سەرجەمیان دەستگیر كراون و ئەو كەرەستە و ئۆتۆمبێلانەشی لەو تاوانەدا بەكارهێندراون دەستی بەسەرداگیراوە.
ئاسایش دڵنیایی داوەتە خەڵكی شارەكە كە بەردەوام لە ئەركدا دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەكە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی ئەو كەسانە نەكردووە كە بەوهۆیەوە دەستگیركراون.