مەكتەبی سیاسی یەكێتی: پەرەپێدەری زیاتر دەبین بۆ لامەركەزی

لڤین: مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، حزبەكەیان دەتوانێ كاروانی نوێ ئاراستە بكات و وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەل بێت لە پەرەپێدانی زیاتر و زیاتری حوكمڕانی كوردستانی بەرەو لامەركەزیی ئیداری و دارایی.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ یادی (30) ساڵەی راپەرینی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لە سێ دەیەی دوای ڕاپەڕین، كوردەواری گەشەیكردوەو دەستپێشخەری گرنگی نواند لە پەرەپێدانی سەربەستییە سیاسییەكان، پێشكەوتنی خەباتی رێكخراوەیی و بزووتنەوەی ژنان و ئازادی بیروڕا، سەرباری ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری و بوژانەوەی فەرھەنگی و پێشكەوتنی هەمەلایەنە كە ھێشتا زۆری تریش ماون بەدیبێن.

مەكتەبی سیسای یەكێتی ئەوەشی راگەیاندووە “ئێستا پاش سێ‌ دەیە كە یادی راپەرین دەكەینەوە، چەندین نەوەی چاوكراوە، خوێندەوار و خاوەن خواستی تازە لە كچان و كوڕان پێگەیشتوون، بە دونیابینی نوێوە ھەڵسەنگاندنی تازە دەكەن كە پێویستە سیاسەتی كوردستانییش ھاوشانی ئەم پەرەسەندنانە، تێگەیشتنی نوێ بەرھەمبێنێ و رێبەرایەتیشیان بكات بە ھەمان رۆحیەتی یەكێتیانە كە رابەرایەتی خواست و ویستی نەوەكانی راپەڕینی دێرینی كرد”.

ئەوەشی روونكردووەتەوە یەكێتی بەسەركردایەتییەكی تازە و “ئەزموونی دوور ودرێژی سەرۆك مام جەلال، رابەر و پێشبینیسازی گۆرانكارییە گەورەكان، ئەم یەكێتییە لە باریدایە و دەتوانێ كاروانی نوێش ئاراستە بكاو وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەل بێت لە پەرەپێدانی زیاتر و زیاتری حوكمڕانی كوردستانی بەرەو لامەركەزیی ئیداری و دارایی كە گوزەران و ژیانی شایانتر بۆ گەلەكەمان دابینبكات”.

ئەوەشی راگەیاندووە یەكێتی دەتوانێت “رێگای كورتبڕ و نوێباو بۆ چارەسەری كێشە ئابووری و سیاسییەكان بدۆزێتەوە، دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست بۆ چاكسازی و شەراكەتی ڕاستەقینە، راستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی دیموكراتی و ئازادی رادەڕبرین و سەربەستییە سیاسییەكان”.

ئەوەشی وتووە: بانگێشتی ھەموو ھێزەكانی كوردایەتی و دیموكراتخواز لە كوردستان و عێراق دەكەین پێكەوە ئیرادەی گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی داھاتوو ئامادە و پتەو بكەین.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button