پەرلەمانی کوردستان لە سەر قۆپیەکردنی مامۆستاکە ھاتە دەنگ

لڤین: لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان بڕیاریدا نوسراو ئاراستەی ھەریەکە لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو مامۆستایەی لە بەرنامەیەکدا وتبووی زۆرینەی قۆناغەکانی خوێندنی بە قۆپیە بڕیوە.
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی سەرۆك و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا کە كارزان كەریم راوێژكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری پەروەردە ئامادەی بوو گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێکی جیاوازکرا و ھەردوولایەنی کۆبوونەوەک ئاماژەیان بە “لێداوانی ئەو مامۆستایە كرد كەباسی لەبابەتی گزیكردن كردبوو لەمیدیایەكی کوردستانیدا و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا نوسراوی فەرمی ئاراستەی هەرسێ وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری و لاوان) بكات لەسەر ئەو پرسە”.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکە لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ سەردانیكردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بەچەند مامۆستایەك كە لەسیستەمی بایۆمەتری دووجار ناویان تۆماركراوە.
لیژنەکە بڕیاریشیدا لیژنەیەكی تریش بۆ سەردانیكردنی سەرجەم زانكۆ تایبەتەكان بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاز سەبارەت بەپڕۆژە یاسای زانكۆ تایبەتەكان پێكهێنرا.