بەهۆی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا 40 ملیۆن کەس لە جیهان دووچاری برسێتی بوونەتەوە

لڤین:

بە گوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەبێتە هۆی ئەوەی 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی کەمی خۆراک و نەبوونی ئاسایشی خۆراك ببنەوە بەتایبەتی وڵاتانی بیابانی باشووری ئافریکا زۆرترین زیانیان پێدەگات.

ئەمەریکا لە کۆبوونەوە لوتکەیەکەی وڵاتانی گروپی حەوتدا بڕی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک مسۆگەر کردووە و لەو بڕە کۆمەکە 2 ملیار و 76 ملیۆن دۆلاری بەخشیووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد؛ پلان هەیە ئەمەریکا 150 ملیۆن دۆلار لە هاوکاری گەشەپێدانی مرۆیی نوێ پێشکەش بە ئافریکا بکات.

حکومەتەکانی ئافریکا تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لە لایەنگری لەو ململانێیەی ئەوروپا بە دوور گرتووە و بێ لایەنانە ماونەتەوە، هەروەها ڕەتیان کردووەتەوە بەشداری لە سەرکۆنەکردن و سزاکانی ڕۆژئاوادا بکەن.

تۆماس گرینفیڵد دەڵێت، ئافریکاییەکان “نایانەوێت فشاریان بۆ بهێنن تا پشتیوانی لایەنێک بکەن وەک دووبارەبوونەوەی جەنگی سارد، بەڵام “پێویستە ڕاستییەکان بزانن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا وزە، گۆڕانی کەشوهەوا، پەتا و ململانێ هۆکاری سەرەکی کێشەکانی دابینکردنی خۆراکی جیهانین، گەورەترین نادادپەروەری و غەدر ئەوەیە بەدەستی ئەنقەست سەرچاوەکانی خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاردەهێنرێت بۆ برسیکردنی خەڵک.

تۆماس گرینفیڵد گوتیشی “ڕووسیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەشێک لە بەرهەمدارترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیای داگیرکردووە، کێڵگەکانی بە مین و بۆمب وێرانکردووە.”

ئاماژەی بەوەشکردووە “بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئێوە چۆن لە ڕووسیا دەڕوانن، هەموومان بەرژەوەندییەکی هاوبەشی بەهێزمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا لەسەر ئاسایشی خۆراک.”

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا هەفتەی ڕابردوو زمانی هاوشێوەی بەكارهێنا كاتێك قەیرانی خۆراكی جیهانی بە یەكێك لە “چەكەكانی جەنگ”ی ڕووسیا وەسف كرد لە سەردانێكیدا بۆ كامێرون.

مۆسکۆ بەرپرسیارێتی قەیرانی خۆراک ڕەتدەکاتەوە و سزاکانی ڕۆژئاوای بە هۆکاری خاوبوونەوەی هەناردەی خۆراک و دانەوێڵە و پەین دەزانێت.

تۆماس گرینفیڵد ڕۆژی هەینی ئەو ئیدیعایەی ڕەتکردەوە، لەبری ئەوە ئاماژەی بەوە دا کە ڕووسیا بە دەستی ئەنقەست هەنگاوی ناوە بۆ تێکدانی زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراکی جیهانی لە کاتێکدا ڕۆژئاوا تاوانبار دەکات.

هەروەها دەشڵێت “هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیووە کە ڕووسیا چارەسەرێکی دیپلۆماسی قبوڵ بکات بۆ شەڕ لە ئۆکرانیا.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button