دوو زیندانی لە چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستدا

لڤین:

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆلێرا، دوو سزادراو لە چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت: نەخۆشخانەی چاکسازاییان خستوەتە ئینزارەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکدا بە میدیای گۆڕانی راگەیاند؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆلێرا، دوو سزادراو لە 24 کاتژمێری رابردودا لەچاکسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و دوو سزادراوی دیکەش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

وتیشی: نەخۆشخانەکەی چاکسازیی گەورانمان خستوەتە ئینزارەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی پەیوەست بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم نەخۆشییە دابینکراوە و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی مانگی سوری عێراقی بۆ ئەو مەبەستە لەسەر هێڵن.

رونیشیکردەوە، لەمڕۆ وە سەردانیکردنی سزادراوان لە چاکسازیی گەوران راگیراوە تا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

سەبارەت بەو دوو سزادراوەی بەهۆی پەتای کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وتی: سزادراوی یەکەم بە ماددەی 406 حوکمی 15 ساڵ دراوە و لەدایکبوی ساڵی 1989یە و سزادراوی دوەەمیش کە گیانی لەدەستداوە، لەدایکبوی ساڵی 1971یە و ماوەی سزاکەی 10 ساڵ بووە.

شایەنی باسە هەفتەی پێشووش  سزادراوێکی تر بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە گیانی لە دەستدا،کە بە گوێرەی ئەم زانیاریانە تا ئێستا ٣ سزادراو لە چاکسازی گەورانی سلێمانی بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button