وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی: ھیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە هەرێـم تۆمار نەکراوە

لڤین:

پەتای کۆلێرا لە عێراق بڵاو بووەتەوە ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، لەبارەی ئەو حاڵەتانەی پارێزگای سلێمانییەوە دەڵێت، تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە کۆلێرایە و پشکنینیان بۆ دەکرێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: ”ئەو حاڵەتانەی سکچوون لە سلێمانی و ھەندێک ناوچەی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ھێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە کۆلێرایە، یان پەتایەکی دیکەیە، چونکە ساڵانە بە ھۆکاری جیاواز پەتا لەنێو ھاووڵاتییاندا بڵاو دەبێتەوە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا و، لەوانەیە ھەندێک خۆراک ببنە ھۆکاری ڕشانەوە و پەتا.”

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتیشی: ”تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی پەتای کۆلێرا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام بەدواداچوون دەکرێت و ئەو نموونانەی لەبەردەستن تێستیان لێ وەردەگیرێت و بۆ پشکنین ڕەوانەی تاقیگە دەکرێن، ئەگەر دەرکەوت کۆلێرایە، ئەوە ئەنجامەکەی بڵاوی دەکەینەوە، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراو تۆمار نەکراوە.”

ماوەی چەند ڕۆژێکە پەتایەک لە ھەندێک ناوچەی عێراق و ھەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە و ئەمڕۆ تەندرووستی کەرکووک تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی پەتای کۆلێرای ڕاگەیاند.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button