پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەمەی كە دەگوزەرێت جگە لە گەمارۆدانی سلێمانی هیچی دیكە نییە

لڤین:

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەبێ بوونی یەكێتی چارەنووسی كوردستان لە دەستگیركراوەكانی بادینان باشتر نابێت و لەئێستادا سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین گەمارۆی سیاسی دراون و عەقڵییەتێكی دیكتاتۆری لە هەرێمی كوردستان هەیە كە دەیەوێت دیزە بەدەرخۆنە بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

كاروان گەزنەیی پەرلمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو دزی و ناعەدالەتی و تاڵانییەی كە لە خاڵە سنوورییەكان بە تایبەتی لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دەكرێت ئەگەر داهاتەكەی بۆ خەزینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگێردرێتەوە داهاتی حكومەت زۆر زیاتر دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە.

وتیشی: لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك موژدەبەخشییەك قائیمەی مووچەی مانگانە ڕادەگەیەنێت لەكاتێكدا نرخی نەوت نزیكەی 110 دۆلارە، ئەگەر حكومەت بە 102 دۆلاریش نەوت بفرۆشێت حەوت دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهانیش ڕۆژانە 48 ملیۆن دۆلار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە بە خەرجی كۆمپانیاكانیشەوە كە لە مانگێكدا دەكاتە ملیارێك و 444 ملیۆن دۆلار كە ئەم پارەیە بە دینار 922 ملیار دینار لە مانگێك، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە 922 ملیار دینار لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەو قاچاغچێتی و سەرانەوەرگرتنەی لە خاڵەسنوورییەكان دەگوزەرێت و نزیكەی 200 بۆ 300 ملیار دینار لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و 200 ملیار دینار و 20 ملیار دیناری هاوپەیمانان هێشتا حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچە وەك موژدەبەخشییەك ڕادەگەیەنێت.

وتیشی: ئەمڕۆ بە ڕێكاری یاسایی پەرلەمانی سكاڵامان تۆمار كرد و هیچ كەس و گروپ و شەخسێك لەناو حزبی سیاسی كوردستاندا نەبێتە مۆتەكە بەسەر خەڵكی كوردستان و داهات و قوتی خەڵكی كوردستان نەدزێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ڕاشیگەیاند: تا ئێستا ناسنامەی نەوتی كوردستان بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە نەبووە، تەنها تۆز و خۆڵ و نەهامەتییەكانی بۆ خەڵكی كوردستان بووە، مانگانە 922 ملیار دینار داهاتی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كەچی ئەوە مووچە حاڵێتی، سەر بژێوی و ژیانی دامەزراندن، مووچەخۆران، فەرمانبەرانی گرێبەست و خەڵكی كوردستان بكەن، نەوت نەبۆتە خێر و بەرەكەت بۆ خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەمجۆرە عەقڵییەتە، ئەم جۆرە تێڕوانینە نادروستە وایكردووە چارەنووسی خەڵكی كوردستان بگات بەو ئاستەی كە ئێستا هەیە.

لەوەڵامی پرسیارێكدا كە بۆچی قائیمەی مووچە بە ڕەنگی زەرد كراوە، كاروان گەزنەیی ڕایگەیاند: ئێمە بە داتا و بەڕاشكاویی ڕامانگەیاندووە كە داهاتی سلێمانی ڕوون و ئاشكرایە و گێڕاومانەتەوە بۆ داهاتی حكومەت و تەمویلی مووچەی پێكراوە بە 75 ملیار دینار، ئەو پارەی دیكە كە خەرجی سیادییە 15% لێی بڕاوە و باقییەكەی كە 30 ملیار دینارە خەرجی حكومییە كە لە پارێزگای سلێمانی دەڕوات و 10 بۆ 15 ملیار دینار مانگانە خەرجی دیكەیە كە بڵاوكراوەتەوە و ئاماژەی پێدراوە.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ڕاشیگەیاند: ئەمەی كە دەگوزەرێت جگە لە گەمارۆدانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هیچی دیكە نییە، پێشتر بە نەوت و بەنزین و بە داهات و سزادانی مووچەخۆران و بەخزمەتگوزاری، بە پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی كە گەمارۆیەكی مونەزمی سیاسییە، كە عەقڵییەتێكی دیكتاتۆری لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، دەیەوێت ئەو گەمارۆیە بەسەر پارێزگای سلێمانیدا بسەپێنێت و بۆ ئەوەی دیزە بەدەرخۆنەی داهاتەكانی كوردستانی پێبكەن. بە بێ بوونی یەكێتی چارەنووسی هەرێمی كوردستان لە دەستگیركراوەكانی بادینان باشتر نابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button