زیاتر لە 700 خێزانی شەنگال ئاوارەی دهۆك بوون

لڤین:

بەرێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەمانگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، حسێن کەلاری ئەمرۆ لە شاری دھۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “بەھۆی شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشە، تاکو کاتژمێر  12ی شەوی رابردوو، 701خێزان کە چوار ھەزار و 84 کەسن لە شنگالەوە ئاوارەی ناوچەکانی پارێزگای دھۆک بوون و ئەگەر رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئاوارەبوونی خەڵکی کۆتایی پێ دێت”.

بەرێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەمانگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد لە مێژوودا زۆلم لە خەڵکی شنگال کراوە و بووەتە پرۆسەیەکی بەردەوام، زیاتر لە ٧٤ فەرمان بە سەر خەڵکی شنگال دا ھاتووە و ئەم شەرەیەش کە ماوەیەی حەفتەیەکە لە شنگال دەستیپێکردووە ٧٥یەمین فەرمانە.

حسێن کەلاری گوتی: “بەھۆی شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییەی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە تاکو کاتژمێر 12 ی شەوی رابردوو ، 701خێزان كە چوار ھەزار و 84 کەسن لە شنگالەوە ئاوارەی ناوچەکانی پارێزگای دھۆک بوون، ئێمە ئەمرۆ لە دھۆکین لە سەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی ھەرێم بۆ ئەوەی پێشوازی لەم ئاوارانە بکەین و کۆبوونەوەکمان کرد کە نوێنەرانی UNHCR و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و نوێنەری ھەردوو پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ ئامادەی بوون و داوامان کرد ھەر لایەنێک بە پێی توانای خۆی ھاوکاری ئێمە بکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی ئاوارەکان بکەین و پێداویستیان بۆ دابین بکەین”.

بەرێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەمانگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: “ئەو ئاوارانەی تاکو دوێنی شەو ھاتوونەتە سنووری پارێزگای دھۆک زۆربەیان لە نێو کەمپەکان نێشتەجێبوون، ئەوانەی لە ناو کەمپن و چوونەتە نێو کەس و کاریان مێوانی ئێمەن، بەڵام ئەرکی ئێمەیە شوێنیان بۆ دابین بکەین تا ئەو کاتەی دۆخی شنگال ئاسایی ببێت و بەپێی بۆچوونی ئێمە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دا دەبینێتەوە و ئەنجامدانی ئەو میکانزمەیە کە بۆی دیاریکراوە، ئەو ھێزە ناشەرعییانەی لە شنگالن دەربکرێن و ھێزی پۆلیس لە خەڵکی ناوچەکە لەو شارەدا دابمەزرێنن کە ھەروەک لە رێککەوتنی شنگال دا ھاتووە پێویستە دوو ھەزار و پێنج سەد پۆلیس دابمەزرێن و ئەرکی پاراستنی سنووری دەرەوەی شاریش بە سەر سۆپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی دابەش بکرێت.

ھەروەھا دانانی ئیدارەی شەرعی قەزاکە کە قایمقام و بەرێوەبەری ناحیە بە شەرعی دابنرێن و خزمەتگۆزاری پێشکەشی خەڵکی ناوچەکە بکرێت و کەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکرێت ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال کۆتایی پێ دێت کە تاوەکو ئێستا ھیچ خاڵێکی رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراوە، ھەر چەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی زۆر بە باوەرەوە ئیشی لە سەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کردووە بەڵام ھەندی رێگری لە شنگال ھەیە کە لە دەسەلاتی کازمیشدا نییە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات”.

کەلاری گوتیشی: “ئەمڕۆ بڕیارمان داوە ئەو خێزانانەی لە دەرەی کەمپەکان دەژین دەبێت بگەرێننەوە ناو کەمپەکان، بەڵام ئەگەر خێزانێک خۆی نەگەرێتەوە ناو کەمپەکان ئەو کاتە ئێمە لێی بەرپرسیار نین”.

27 ھەزار خێزانی شنگالی لەنێو کەمپەکانی پارێزگای دھۆک دەژین، لە دەرەوەی کەمپەکانیش 37 ھەزار و 800خێزان دەژین، نزیکەی نۆ ھەزار خێزان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام بەھۆی نائارامی ناوچەکە جارێکی دیکە بەشێک لەو خێزانانە ئاوارەی کەمپەکانی پارێزگای دھۆک بوونەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button