کەجەکە: پارتی هاوکاری تورکیا دەکات

لڤین:

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە روی هەواڵگری و لۆجستییەوە پشتیوانی سوپای توركیا دەكات لە هێرشەكانی دژ بە پەكەكە لە باشوری كوردستان و دەشڵێت: ئەوەی پارتی كە دەڵێت ‘پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ناکات’ بۆ هەڵخەڵەتاندن و بۆ ئەوەیە کە گەلی کورد ناڕەزایی دەرنەبڕێت.

هاوسەرۆکایەیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكی وتی”پارتی بە پشتگیریکردن بۆ هێرشی دەوڵەتی تورک، یەکسەر بەشداری لە پلانی داگیرکەریدا کردوە.”

ئاماژەی بەوەشداوە كە “هاوکاریکردنی ئەو هێرشانە، خیانەتە لە گەل و دۆزی کورد. پارتی کە دەڵێت ‘پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ناکات’ بۆ هەڵخەڵەتاندنە. بۆ ئەوەیە کە گەلی کورد ناڕەزایی دەرنەبڕێت.”

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەنراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە

شەڕی لەناوبردن کە دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک لە بەرانبەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد، شکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان و ئازادی کورد و لەناوبردنی هەبونی کورد دەستیپێکردوە، لەگەڵ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ کە هێرشی کردە سەر زاپ، چوەتە قۆناغێکی نوێوە. دەوڵەتی تورک بەم هێرشە نوێیە کە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ دەستیپێکردوە، دەیەوێت ئیرادەی بەرخۆدانی هێزەکانی ئازادی کورد بشکێنێت، تەڤگەری ئازادی تەسفیە بکات و سیاسەتی قڕکردنی کورد بگەیەنێتە ئەنجام. ئێمە بانگ لە گەل، ژنانی کوردستانی وڵاتپارێز، گەنجانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی کوردستان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆستانی گەلی کورد و رای گشتی دیموکرات دەکەین کە لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی قڕکەر و داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی بەهێز هەڵوێستیان هەبێت، پشتگیری لە فەرخۆدانی فیدایی گەریلاکانی ئازادی بکەن و لە هەمو جێگەیەک تێکۆشان و بەرخۆدان گەورەتر بکەن.

بەرخۆدانی قاڕەمانێتی هەپەگە و یەژەئاستار لە دڵەوە پیرۆز دەکەین

گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی فیدایی دەستیان بە بەرخۆدان کردوە و گورزی گەورە لە دوژمنی داگیرکەر دەدەن. ئێمە پیرۆزبایی لە گەریلا و فەرماندەکانی هەپەگە و تەژەئاستار دەکەین کە بە شێوەیەکی قاڕەمانانە لەم بەرخۆدانەدا جێی خۆیان گرتوە. بە ڕێزەوە یادی هاوڕێکانمان دەکەینەوە کە بەرخۆدانیان کرد و شەهید بون. گەریلاکانی ئازادی کوردستان هەمو کاتێک هێرشی دوژمنی داگیرکەری و قڕکەریان بە بەرخۆدانی فیدایی تێکشکاندوە، پلانەکانی دوژمنیان بۆ شکاندنی ئیرادەی ئازادی کورد و لەناوبردنی هەبونی کورد پوچەڵ کردوەتەوە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ئەندازەی ئەوەی کە پلانی دوژمنی فاشیستی داگیرکەر و قڕکەریان پوچەڵ کردوەتەوە، لە هەمانکاتدا لەلایەن گەورەبونی ئیرادەی ئازادی کورد و پێشکەوتندا، ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە.

هێرشی قڕکردن بە بەرخۆدانی گشتی گەل و گەریلا دەتوانرێت تێکبشکێنرێت

دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە لەناوبردنی گەریلاکانی ئازادی کە هێز و ئیرادەی بەرخۆدانی کوردستانە، کورد بە یەکجاری قڕ بکات و هەبونی کورد بە تەواوی بسڕێتەوە. ئەم هێرشە کە بۆ قڕکردن ئەنجام دەدرت، بە بەرخۆدانی گشتی گەل و گەریلا دەتوانرێت لەناو ببرێت. ئەگەر دوژمن لە هەمو جێگەیەک هێرش دەکات، پێویستە گەل و هێزە دیموکراتەکان لە هەمو جێگەیەک بە شێوەیەک چالاک بەرخۆدان بکەن و تێبکۆشن. پێویستە گەلەکەمان بە رۆحی بەرخۆدانی گەریلای ئازادی کە هێرشەکانی دوژمن تێکدەشکێنێت، لە هەمو جێگەیەک ناڕەزایی پیشان بدات و چالاکی ئەنجام بدات. ئێمە لە کاتێکداین کە مان و نەمانی گەلی کوردە. ئێمە گەل و تەڤگەری خاوەنداری ئەو هێز و ئیرادەیە بکەین کە هێرشی دوژمن لەسەر هەبونمان تێکبشکێنن. هێزی ڕێکخراوەیی گەل، لە تانک، تۆپ، فڕۆکە و هەمو جۆر چەکێک و تەکنیکێکی دوژمن گەورەترە. گەلەکەمان ئەم راستیەی زۆر جار خستوەتەڕو، سیاسەتی سەرکوتکردنی داگیرکەرانیان پوچەڵ کردوەتەوە. وەک گەل و تەڤگەری ئێمە بەم ئەرکە، بە رۆحی بەرخۆدان و تێکۆشان، پلانەکان تێکبشکێنین.

پێویستە ناڕەزایی گەورە لە لایەن گەلی باشوری کوردستانمان پیشان بدرێت

گەلی باشوری کوردستانمان پێویستە لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ناڕەزایی گەورە پیشان بدەن. ئەم هێرشە لەدژی باشوری کوردستان و هەمو دەستکەوتەکانی کوردە. پەکەکە و گەریلا بەهۆی ئەوەی بۆ ئازادی گەلی کورد تێدەکۆشێت و دەستکەوتەکان دەپارێزێت، دەبێتە ئامانجی سەرەکی هێرشەکان. گەلی باشوری کوردستانمان بە جێگیربونی لەگەڵ گەریلا وەک ساڵەکانی رابردو پێویستە لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستێتەوە. ئیرادەی ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان بە وەستانەوە لەبەرانبەر داگیرکەری و خیانەت، دەپارێزرێن. ئەوانەی هەبونی گەریلا وەک بیانو بۆ داگیرکاری پیشان دەدەن، ئەو هێزانەن کە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکەن و بەهاکانی کورد پێشکەش بە دوژمن دەکەن. ئەم خیانەە کە دۆزی کورد و کوردستان پێشکەش دەکەن، بێگۆمان هەبونی گەریلا لەبەردەم خۆیان وەک ئاسەنگ دەبینن.

گەنجانی کوردستان پێویستە بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی وڵامی هێرشەکان بدەنەوە

گەنجانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی کوردستان، بە رۆحی فیدایی و بەرخۆدانی باڵای گەریلا لە هەمو جێگەیەک بە چالاکی بەهێز وڵامی هێرشەکان بدەنەوە و گورز لە دوژمن بدەن. گەنجانی کوردستان لەلایەکەوە پێویستە بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن، گەریلا بەهێز بکەن و لەلایەکی دیکەوە لە هەمو دەڤەرێک دەست بە جموجوڵ بکەن و چالاکی ئەنجام بدەن. گەنجانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی کوردستان، سوپای پاراستنی کورد و کوردستانن. گەنجانی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی دوژمنی داگیرکەر و قڕکەر کە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد دەکات و دەیەوێت هەبونی کورد لەناوببات، پێویستە بێدەنگ نەبن. گەنجانی کورد پێویستە بە رێبازی دەوڵەمەند و خوڵقێنەر چالاکی کاریگەر ئەنجام بدەن و گورز لە دوژمنی فاشیست بدەن. کچ و کوڕانی کورد پێویستە چاوەڕێی ڕێنمایی کەس نەبن و بە دەستپێشخەری خۆیان لە هەمو جێگەیەک پێشەنگایەتی تێکۆشان بکەن. هێرشی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و داگیرکەری بە یەکبونی پێشەنگایەتی گەنجان و بەرخۆدانی گەریلا تێکدەشکێنرێت.

گەنجان پارێزەری گەل و بەهاکانی ئازادین. گەنجانی شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی کوردستان، بە خاوەنداریکردن لە بەرپرسیاری و ئەرکی مێژویی خۆیان دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە ببینن. گەنجانی کوردستان پێویستە لە ههەمو جێگەیەک شەڕی ئازادی فراوان و گەورە بکەن، گورزی گەورە لە دوژمن بدەن. بەرخۆدان لە هەمو جێگەیەک بڵاو بکەنەوە. گەنجانی کورد لە هەمو جێگەیەک پێویستە خۆیان وەک گەریلایەک ببینن و بەم شێوەیە جموجوڵ بکەن. لەسەر ئەم بناغەیە گەنجانی کوردستان لە هەمو جێگەیەک بە رۆحی بەرخۆدانی فیدایی ئاپۆیی گەریلایەتی، پێویستە چالاکی ئەنجام بدەن و وڵامی پێویستە بە دوژمنی فاشیست بدەن.

ژنانی کورد ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان دەگێڕن و لە تێکشکاندنی هێرشەکاندا ڕۆڵی خۆیان جێبەجێ دەکەن

ژنانی کورد کە ئەمڕۆ هێزی بناغەیین و پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادی کوردستانن دەکەن، بە بەهێزکردنی بەرخۆدان و رۆحی ئازادی تێکۆشانی بەهێزتر دەکەن. لە بەرانبەر هێرشی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، لە ریزەکانی پێشەوەی تێکۆشاندان و وایانکردوە کە گەلەکەمان و هێزە دیموکراتەکان بەشداری لە تێکۆشاندا بکەن و لە هەڵوەشاندنی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەدا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن. لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی قڕکەری تورک ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن و لە تێکشکاندنی هێرشەکاندا بە شێوەیەکی چالاک دەجوڵێنەوە.

پێویستە گەلی کوردستان هاوکاری پەدەکە بۆ تورک ببینێت و هەڵوێستی هەبێت

پەدەکە بە پشتگیریکردن بۆ هێرشی دەوڵەتی تورک، یەکسەر بەشداری لە پلانی داگیرکەریدا کردوە. دەوڵەتی تورک بە ئامانجی قڕکردن و لەناوبردنی کورد هێرش دەکات. هاوکاریکردنی ئەو هێرشانە، خیانەتە لە گەل و دۆزی کورد. پەدەکە کە دەڵێت ‘پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ناکات’ بۆ هەڵخەڵەتاندنە. بۆ ئەوەیە کە گەلی کورد ناڕەزایی دەرنەبڕێت. لەلایەکی دیکەوە پەدەکە لە هەولێر و بادینان کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە، ڕێگری لە ناڕەزایی گەلی کورد لەدژی داگیرکەری دەکات. دوژمنی کورد شێفی فاشیست ئەردۆغان سوپاسی پەدەکەی کرد کە پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری کردوە کە ئەوەشی نیشانەیە کە پەدەکە چ هەڵوێستێکی هەیە و لە کوێی هاوکێشەکەیە. پەدەکە بە هەمو شێوەیەک لە روی هەواڵگریەوە پشتگیری لە دەوڵەتی تورک دەکات، پشتگیری لۆجیستیک دەکات و بە گەمارۆدانی ناوچەککانی گەریلا، بەشداری لەم شەڕەدا دەکات. هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە هەواڵگری و بەکارهێنانی تەکنیک دەکرێت. پەدەکە و هەواڵگری بە هەمو شێوەیەک پشتگیری پەناگەیی و لۆجیستیکی دەداتە سوپای تورک. کاتێک کە سوپای تورک نەیتوانی لە کوڕەژارۆ لە ئاسمانەوە هێزەکانی جێگیر بکات، بە پشتگیری و لەژێر پاراستنی پەدەکەدا لە شێلادزێوە لە روی زەمینیەوە خۆی گەیاندە ناوچەکە. ئەم دۆخەش پیشانی دەدات کە پەدەکە لە چ ئاستێکدا هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات. بۆیەش سەرەتا گەلی کوردستان، پێویستە هەمو کەسێک ئەم هاوکاریەی پەدەکە ببینێت و لە بەرانبەریدا هەڵوێستی هەبێت.

رۆشنبیر، هونەرمەند و نوسەران پێویستە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن

سەرەتا ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نوسەرانی کورد، هەمو کەسانی ڕۆشنبیری نێو کۆمەڵگە پێویستە لەدژی داگیرکەری هەڵوێستی ئاشکرایان هەبێت و لە خوڵقاندنی ناڕەزایی لەدژی داگیرکەریدا پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن. هونەرمەندان، نوسەران و رۆشنبیرانی کورد پێویستە خاوەنداری لە بەرپرسیاری خۆیان بکەنکە واتای هێرشی داگیرکەری تورک، مەترسی هێرشەکە لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی لێی تێبگەن. رۆشنبیر و هونەرمەندی بە واتای عەقڵیەت، ویژدان و زمانی کۆمەڵگە دێت. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کورد قڕ بکات و هەبونی کورد لەناوببات، هێرش دەکاتە سەر گەریلا و هەمو جێگەیەک. ئەرکی رۆشنبیرانە کە هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمن تەشهیر بکەن و کۆمەڵگا رۆناک بکەنەوە. لە وتنی راستی و پیشاندانی هەڵوێستی بەهیز  لەدژی هاوکاریکردن لەگەڵ داگیرکەریدا، بەرپرسیاری گەورە دەکەوێت سەر شانی رۆشنبیر و هونەرمەندان.

گەلانی تورکیا پێویستە لەبەرانبەر داگیرکەری هەستنە سەرپێ

ئەگەر گەلانی تورکیا و رەنجدەران لە بەرانبەر هێرشی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لەبەرانبەر گەلی کورد ناڕەزایی پیشان بدەن و لەگەڵ گەلی کود لەنێو تێکۆشانی هاوبەشدابن، ئەوە خاڵێکی سۆسیالیستیبون، دیموکراتبون و ئازادیخوازیبونە. گەلانی تورکیا و هەمو ئەو کەسانەی بۆ ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری و یەکسانی تێدەکۆشن، پێویستە بەپێی ئەم راستیە بجوڵێنەوە و لەبەرانبەر داگیرکەری هەڵوێستیان هەبێت. لەبەرئەوەشی پێویستە ١ی ئایار بکەنە رۆژی گەلانی تورکیا و رەنجدەران لەبرانبەر داگیرکەری هەڵوێستیان هەبێت و لەگەڵ گەلی کورد تێبکۆشن.

پێویستە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی داگیەکەری بێدەنگ نەبن

دەوڵەتی تورک نە تەنها کوردستان و گەلی کوردی کردوەتە ئامانج، سیاسەتی داگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و دەیەوێت تێیدا بڵاو ببێتەوە. لەبەرئەوەی پەکەکە و گەلی کورد باوەڕیان بە برایەتی گەلان هەیە و بۆ ژیانێکی دیموکراتی هاوبەش لەسەر ئەساسی یەکسانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەکۆشێت، دەکرێتە ئامانج. لەبەر ئەوەش گەلی عەرەب سەرەتا و هەمو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە لە بەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی ئاشکرایان هەبێت و ناڕەزایی لەبەرانبەر داگیرکەری دەرببڕن.

یەکێتی عەرەب ناڕەزایی و هەڵوێستی پیشانی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکدا، ئەم هەڵوێستە زۆر هێژایە. هەڵوێستی حکومەتی عێراق لە بەرانبەر داگیرکەری زۆر لاوازە، بەڵام کاتێک کە هێزە سیاسیەکانی عەرەب و دەوڵەتان لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک هەڵوێستیان هەبێت، ئەو کاتە دەرفەت بۆ راوەستاندنی دەوڵەتی تورک دەبێت.

هێزە نێودەوڵەتیەکان چاویان لە بەرانبەر هێرشەکان دەگرن

پێویستە باش بزانرێت کە دەولەتی تورک بە پشتگیری هێزە نێودەوڵەتیەکان، هێرش دەکات. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتیەکان پشتگیری نەکەن و چاویان نەگرن، دەوڵەتی تورک ناتوانێت هێرش بکات و چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت. هێزە نێودەوڵەتیەکان لەدژی شەڕی ئوکراینا وەستانەوە، لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بێدەنگ دەبن. پێویستە گەلانی جیهان و رای گشتی دیموکرت ئەم راستیانە ببینێت.

ئێمە بانگ لە هەمو کەسێک دەکەین لە بەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و ئەوانەی پشتگیری لە هێرشەکە دەکەن بێدەنگ نەبن، پێویستە دەست لەم هەڵوێستەیان لەدژی دیموکراسی هەڵگرن و لە بەرانبەر ئەم داگیرکەریە هەڵوێستی ئاشکرایان هەبێت.

هێرشێ داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە سایەی بەرخۆدانی قاڕەمانی گەریلاکانی ئازادی، بە تێکۆشانی گەکی کوردستان، گەل، ژنان، رەنجدەران، دیموکراسیخوازن تێکدەشکێت، ئەوانەی بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن، سەردەکەون.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button