ئەو چالاکوانەی لە هەولێر هێرشی کرایەسەر:

بەر لەهێرشەکە دەزگا ئەمنییەکان پەیامیان بۆ دەناردم دێنە سەر ڕێگەم

لڤین: ئەو چالاکوانەی مانگی ڕابردوو لە هەولێر هێرشی کرایە سەر و بریندار کرا، چیرۆک و هۆکاری هێرشکردنە سەری ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “سێ مانگ بەر لەوەی هێرشبکرێتە سەرم دەزگا ئەمنییەکان پەیامیان بۆ دەناردم کە دێنە سەر ڕێگەم” دەشڵێت: ئەوانەی هێرشیان کردوەتە سەر پێیان وتووە، واز لە “زمان درێژی بێنم و ببم بە پیاو”.

هاوڕێ کوردی، چالاکوانی مەدەنی شاری هەولێر، کە لە 19ی مانگی ڕابردوودا لەکاتی چوونەدەرەوەی لە ماڵەوە، لە شاری هەولێر، لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە، کە جلی مەدەنییان لەبەردابوو هێرشی کرایە سەروو بە قورسی بریندارکرا، دوای زیاتر لە مانگێک تێپەڕبوون لە ڕووداوەکە هاتەدەنگ و چیرۆک و هۆکاری هێرشکردنە سەری و بێدەنگی لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی نوسینێکەوە کە لە فەیسبوکی خۆی کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە ئاشکرا دەکات.

هاوڕێ کوردی، لە بەشێکی نوسینەکەیدا دەڵێت: “سێ مانگ بەر لەو ڕووداوە، دەزگا ئەمنییەکان لەڕێگای چەند کەسانێكەوە پەیامیان بۆ ناردەم کە دێنە سەر ڕێگام، بەڵام من هێندە بەگرنگم نەزانی، هۆکاری ئەو پەیامانەش سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە هەڵوێستمان هەبووە، لەبەرامبەر خیانەتی ئەم دەسەڵاتە، گەندەڵی و سیستەمی نادادپەروەری، هیچ کاتێك لەگەڵ تێکدان و ئاژاوەگێری دانەبووم، بەڵام من پێم شەرمە بەم جۆڕە بژیم، ئێمە دەمرین بۆ ئەوەی بژین”.

هاوڕێ کوردی، دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی کە سکاڵای تۆمارکردووە بەڵام تائێستا هێرشکارەکان دەستگیر نەکراون و ئەوە دووەم جاریشە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی کراوەتەسەر، هەروەها بە سەر سوڕمانەوە نوسیویەتی: “لەکاتی هێرشکردنەکە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ یەکێك لەبراکانم کراوە، کە تیایدا ژمارەی سیمکارتەکە دەرنەچووە، ئەوەی سەیرو جێگای گومانە، ئەوەیە کە پێان وتووە: هاوڕێ بە سێ فیشکە کوژراوە”.

ئەو چالاکوانەی هەولێر، لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا لەکاتی هێرشەکەدا پێیان وتم: “واز لە زمان درێژی بێنم یاخود بەعەقلی خۆیان ببم بەپیاو”.

دەقی نوسینەکەی هاوڕێ کوردی:

سەرەتا ڕێزو خۆشەویستیم، بۆ تەواوی ئەو مڕۆڤە بەهەلوێستانە هەیە، کەدلگران و خەمباربوون، بەبیستنی ئەو ڕووداوەی کە زیاتر لەمانگێك دەبێت، کەتیایدا لەلایان سێ چەتەوە هێرش کرایەسەرم و تیایدا بریندارکرام.

وەسوپاسی زۆرم بۆ خزم وبنەماڵەکەمانم هەیە، کە بەوپەری خەمخۆریەوە هاوکار و پشتیوانم بوو، بۆ خولەکێکە تەنیایان نەکردم، زۆر داوای لێبوردنیشم هەیە کە زۆرکات بەهۆی هەلوێست وچاڵاکیەکانم، توشی عاجزوخەم بوونەتەوە.

بەڕێزان و دلسۆزانم، ڕێکخراوەکانی مافی مڕۆڤ، کەسایەتیەکان و لایەنە سیاسیەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاند تاد…، لاتان ئاشکرایە ئێوارەی 2021/1/19

لەکاتی گەرانەوەم هێرش کرایە سەرم، هەم لەڕووی جەستەیەوە زامدارکرام، دواتریش کێشەی دەروونیم بۆ دروست بوو، بەهۆی ئەو فشاره زۆری کەلەسەرم هەبوو، هەڵبەتە چەند هۆکاریکی تریش هەبوون، کەوایان کرد بۆ ماوەیك نەتوانم هیچ ڕوونکرودنەوەیك بنووسم، هەلبەتە تاکو ئەمڕۆش ئەو فشارانە بەردەوامن بەڵام جیاوازترن.

کۆمەلێك لەهاوڕێیانم، ئەوانەی بەبێ هیچ بەرژەوەندیك پشتیوانیم لێ دەکەن، ئاگاداری تەواوی کێشەهەنوکەیەکانمن، بەڵێنیان داوە کەهاوکاربن لەچاڕەسەرکردنی کێشەکانم، لەهەر ئەگەرێکی چاوەروانکراودا، بەڵێن دەدەم تەواوی ئەو فشار و هێرشانە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەمەوە.

بۆ زانیاری خوێنەرانە، دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوی هێرشکردنەکە، لەڕێگای یەکێك لەپاڕێزەرەکانم بەڕێز (هەڕێم ڕەفعەت) لەدادگای هەولێر سکاڵەی یاسایمان تۆمارکردووە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ سەرەداوێک نیە بۆدەستگیرکردنی بکەران، هەڵبەتە ڕوون و ئاشکرایە، کەبۆچی بکەرانی ئەم ڕووداوە دەستگیرنەکراون، تۆمارکردنی سکاڵە هیچ ئەنجامێکی نەبوو سەبارەت بەم جۆرە کەیسانە، جگە لەوەی تۆ دەزگا ئەمنیەکان دەخەیتە ژێر پڕسیارەوە.

بەڕێزانم، بەنزیکەی سێ مانگ بەرلەو ڕووداوە، دەزگا ئەمنیەکان لەڕێگای چەند کەسانێكەوە پەیامیان بۆ ناردەم کە دێنە سەر ڕێگام، بەڵام من هێندە بەگرنگم نەزانی، هۆکاری ئەو پەیامانەش سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە هەلوێستمان هەبووە، لەبەرامبەر خیانەتی ئەم دەسەڵاتە، گەندەلی و سیستەمی نادادپەروەری، هیچ کاتێك لەگەڵ تێکدان و ئاژاوەگێری دانەبووم، بەڵام من پێم شەرمە بەم جۆڕە بژیم، ئێمە دەمرین بۆ ئەوەی بژین، هەر لەسەر ئەم فەلسەفەوە بیروباوەر گەوورەبووینە، دڕێژەش بەخەباتی مەدەنی و سیاسی خۆمان دەدەین، تۆزقالێك لە ڕەوتی شۆرشگێربوونمان لانادەین، ئەوەی کردوومە سەرئەنجام خزمەتێك بووە بەتەواوی کۆمەڵگا، دوژمنی هیچ لایەنێك نەبووە، بەڵام دژایەتی عەقلیەتی سیاسی بوومە، کەئەوەش مافێکی سروشتی هەر تاکێکە.

بابەتێکی تر کەجێگای ڕاوەستەلەسەر کردنە، لەکاتی هێرشکردنەکە، پەیوەندیکی تەلەفۆنی بۆ یەکێك لەبراکانم کراوە، کە تیایدا ژمارەی سیمکارتەکە دەرنەچووە، ئەوەی سەیرو جێگای گومانە، ئەوەیە کە پێان گووتیە: هاوڕێ بە سێ فیشکە کوژراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ‌ئەوەی بنەماڵەکەم باوەر بەکوشتنی من بکەن، کە ڕەوشێکی خراپی دروست کردەبوو، تاکاتژمێر 11 شەو، کەگەرامەوە ئەوکات ئەوان دێنەوەسەرخۆ، تەواوی زانیاریەکانم داوە بەهێزەئەمنیەکان داوە، جگە لەوەش کەناتوانم تەواوی زانیاری ناو دۆسیەکەم باس بکەم.

چەتەکان هاتەبوون، وازلە ” زمان دڕێژی بێنین” یاخود بەعەقلی خۆیان “ببین بەپیاو”  نەزمانمان کورت دەبێت لەبەرامبەر بەئێوە، نە دەبم بەو پیاوەی کە ئێوەی حەزی پێدەکەن،  لەماوەی پێنچ ساڵدا دووجارە بەم شێوەیە دێنە سەر ڕێگام، هەرکاتێکیش سکاڵەم تۆمارکردووە بێ ئەنجام بووە، بۆیە بریاری خۆم داوە، بۆلەمەودوا چۆن وەڵامی هێرشێکی لەم جۆرەم دەبێت، کەئەگەر زاتی ئەوەبکەن بێنەوە سەرڕێگام، هەڵبەتە ئەم بریارەم دوای مانگێك دەبێت ئێستاش سوورم لەسەری، کە جیتر قبول ناکەم وابەئاسانی رێگامان پێ بگرن.

هاوڕێ کورد

2021/2/26

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button