ئاسایش باندێکی 8 کەسی دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر پارەیان لە کاسبکاران بردووە

لڤین: ئاسایشی سلێمانی باندێکی هەشت کەسی دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر پارەیان لە کاسبکارانی ئاڵوگۆڕی دراو بردووە.

لەوبارەیەوە ئاسایشی گشتی سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: “بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و کارکردن بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی سەرو ماڵی ھاوڵاتیان، دوایی وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەی (442) لە یاسایی سزادانی عێراقی، لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا لە نێوان رۆژانی (7/2/2021) بۆ (22/2/2021) لەناو شاری سلێمانی، ھێزەکانمان هەشت کەسیان دەستگیرکردوە”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە تۆمەتبارەکان هەستاون بە دزینی پارە لە دوو کاسبکاری نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو شاری سلێمانی، لە تاوانی یەکەم جاریاندا بڕی ٦٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی و لە دووەم تاوانیشدا 47 ملیۆن دیناری عێراقییان لەو کاسبکارانە سەندووە.

ڕاگەیەندراوەکە ئاشکراشیکردووە کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکانیان تۆمەتبارەکان خۆیان حەشارداوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش توانیویانە سەرجەمیان دەستگیر بکەن، کە لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەیان بەردەوامە.

ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش ئەوەشی خستوەتەڕوو کە تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان 22- 41 ساڵدایە و سەرجەمیان کوردن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button