هاوسەری شێروان: شەش مانگە نەیان هێشتووە منداڵەکانم چاویان بە باوکیان بکەوێت

لڤین: هاوسەری شێروان شێروانی، ڕایدەگەیەنێت، شەش مانگە نەیان هێشتووە منداڵەکانی چاویان بە باوکیان بکەوێت و خۆشی تەنها یەکجار و بۆ پێنج خولەك بینیویەتی، دەشڵێت: لەوکاتەوەی شێروان و هاوڕێكانی سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا دراوە مانیان گرتووە و دۆخیان خراپە.

رووگەش جەباری، هاوسەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، هەفتەی رابردوو شێروان تەلەفونی بۆ كردوە و وتویەتی “ئێمە لەو ڕۆژەی كە حوكم دراوین بەو شەش ساڵە مانمان گرتووە”، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە “بەڵام تائێستا نازانم ئەو لەمانگرتنەكەی بەردەوامە یان نا؟ چونكە زۆر درەنگ درەنگ دەهێڵن تەلەفون بكات ماوەی تەلەفونەكەشی پێنج خولەكە و هەندێكجار ئەگەر ببێتە 7-8 خولەكێك، واتە تائێستا 10 خولەك نەبووە ماوەی تەلەفۆنەكەی”.

دەربارەی سەردان و پەیوەندیان بەشێروان شێروانییەوە هاوسەرەکەی وتوویەتی: “ناتوانین سەردانیان بكەین، یەكجار سەردانێكی تایبەتیان بۆ ئامادەكردین ئەو شانزە كەسەی كە لەماوەی ئەم شەش مانگەدا گیراون بۆ ماوەی 5 خولەك بوو، ئیتر سەردانی تریان بۆ ڕێكنەخستووین ئەویش نزیكەی دوو مانگ بەر لەئێستا چووم سەردانیم كرد”.

وتوشیەتی: “ئەو كات شێروان لەزیندانی تاكەكەسی دەرچوو بوو، زۆر زۆر لاواز و ڕەنگ زەرد بوو و بێتاقەت دیاربوو، 68 ڕۆژ لەزیندانی تاكەكەسیدا ماونەتەوە، واتە ئەگەر دوو مانگ پێش ئێستا وابوو بێت، ئەی دەبێت ئێستا چۆن بێت؟، زۆربەی لایەنەكان و تەنانەت ڕێكخراوی نێودەوڵەتیش ئاگادار كراونەتەوە و هەڵوێستیان زۆر باشە لەگەڵیاندا واتە هاوكارن لەگەڵیاندا”.

ڕووگەش جەباری ئەوەشی خستوەتەڕوو کە “نزیكەی شەش مانگە شێروان گیراوە هەر یەكجار بۆ ماوەی پێنج خولەك تەنها من توانیومە بیبینم، بەڵام منداڵەكان نەیانتوانیوە، بەحوكمی ئەوەی زۆرجار لەگەڵ پارێزەردا قسە دەكەین پارێزەرەكە وتی: هێشتا كێشە لەسەر حوكمەكەیان هەیە بۆیە تائێستا هەر لەئاسایشی گشتی هەولێرن تەنانەت پارێزەریش ناتوانێت بیبینێت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرەکەی  شێروان شێروانی ئاماژەی بەدۆخی منداڵەكانی كردووە و وتوویەتی: “مناڵەكان یەكێكیان تەمەنی 12 ساڵە و ئەوی تریان تەمەنی 8 ساڵە زۆر زۆر دۆخی مناڵەكانم لەڕووی دەروونیەوە تێكچوو لەو كاتانەی كە خەم بۆ باوكیان دەخۆم و لەسەرەتاش كە زانیم شەش ساڵ زیندانی دەكرێن، بەڵام ئێستا من هەوڵدەدەم كەمێك خۆڕاگرتر بم لەبەر خاتری مناڵەكان، بەڵام بەبەردەوامیش كچە بچووكەكەم كە نزیكەی دووساڵ و نیوە داوای باوكی دەكات”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button