كۆمسیۆن: پەنجەمۆری ئەو کەسانە وەردەگیرێتەوە کە ئامێرەکانی دەنگدان نایانخوێننەوە

لڤین:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانەی لە کاتی دەنگداندا پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە، وەربگرێتەوە، کارەکەش لە سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکرێت.

 کۆمیسیۆن داوای لە نوسینگەکانی کردوە پەیوەندیی بەو دەنگدەرانەوە بکرێت، کە پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە و پێیانڕابگەیەندرێت سەردانیان بکەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆرەکانیان.

جگە لەوەش کۆمیسیۆن بڕیاری دا بە دەستپێکردنەوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە روداوی وت، “لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 800 هەزار کەس ئەو کێشەیان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە هەندێک جۆری نەخۆشییان هەیە وەکو شەکرە، یان تەمەنیان گەورەیە و ئامێرەکان پەنجەمۆریان ناخوێننەوە.”

سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێیوایە بە وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانە تاڕادەیەکی باش کێشەکە چارەسەر دەکرێت، ئەوەش بە باشتر بەکارهێنانی ئامێرەکان و رێکخستنیانە بەشێوەیەکی وردتر.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوونی رێژەی 5٪ـی دەنگدەرانی هەر بنکەیەکی دەنگدان کە پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە بە ئاسایی دەبینێت و رێژەکە لەوە زیاتر بێت بە کێشە دەزانێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران گەڕاندبووەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button