ئێران دەستپێشخەرییەك دەخاتە بەردەم پارتی و یەكێتی

لڤین:
ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە ئەگەر لە بەرەی سەدر بکشێتەوە، چارەسەری بڕیارەکانی دادگای باڵای فیداڵی عێراق بکات سەبارەت بە رادەستکردنی نەوتی هەرێم.
وەفدێکی ئێران بە سەرۆکایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی عێراق هاتە هەرێمی کوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بینی.
وەفدەکەی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەستپێشخەرییەکی هێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پارتیو یەکێتیو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق.
بە گوێرەی زانیاریەکانی دەزگای میدیایی (درەو)، وەفدەکەی ئێران داوای کردووە پارتیو یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەون، پۆستی سەرۆک کۆمار لای یەکێتی بمێنێتەوە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) پۆستەکە وەرنەگرێتەوە، لەبەرامبەردا کۆمەڵێک ئیمتیازی تر بە پارتی بدرێتو هەموو پۆستە وزارەییەکانی پشکی کورد لە بەغداد پارتی پڕیان بکاتەوە.
هەروەها ئێرانییەکان بەڵێنیان بە پارتی داوە ئەگەر لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بگەنە رێککەوتن، چارەسەر یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بکەن بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم.
هەوڵەکەی ئێران بۆ ئەوەیە، کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، لەلایەن لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دروست بکرێتو پارتیو یەکێتی هەردووکیان بەشدار بن لە حکومەتەکەدا، واتا پارتی لە بەرەی سەدر بکشێتەوە ، بەڵام تائێستا پارتی لەسەر پێشنیازەکانی ئێران رازی نەبووە.
وەفدەکەی ئێران، جگە لە پارتیو یەکێتی، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێش کۆبونەتەوە.
موقتەدا سەدر وەکو لایەنی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، تاوەکو دوای مانگی رەمەزان دەرفەتی بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن.