بۆریس جۆنسن: مووشەکی دژە فڕۆکە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەین

لڤین:

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەریتانیا موشەکی زیاتری دژە فڕۆکەی جۆری ستارسترێک و 800 موشەکی دژە تانک ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، ئەمەش دوابەدوای هێرشە بێویژدانەکەی ڕووسیا بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ئۆکرانیا.

جۆنسن وتیشی دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بە کواڵتییەکی بەرز بە بەهای 150 ملیۆن پاوەند کە دەکاتە (195 ملیۆن دۆلار) ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

جۆنسن شانبەشانی سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلف شۆڵز بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هێرشەکەی کراماتۆرسک ” دەرخەری ئەو قوڵاییەیە کە سوپاکەی ڤلادیمێر پوتن کە شانازی پێوە دەکرد نوقمی ئەو شەڕە بووە”.

شۆڵز بەرگریشی لە ئەڵمانیا کرد لە دژی ئەو ڕەخنانەی کە باس لەوە دەکەن ئەڵمانیا خاوەخاو دەکات لە کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا وەک بەشێک لە سزاکانی ڕۆژئاوا بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی پوتنەوە بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئەو ئاماژەی بە هەمەجۆرکردنی درێژخایەنی وزەی جێگرەوە و دابینکردنی گازی سروشتی دیکە کرد و وتی “ئێمە هەموو شتێک دەکەین کە لە تواناماندا بێت و کاری زیاتر دەکەیەن لەو بارەیەوە.”

دوای گفتوگۆکانی شۆڵز لە شەقامی داونینگ؛ جۆنسن وتی بەریتانیا و ئەڵمانیا پێکەوە کار لەسەر بواری تەکنەلۆژیای نوێ دەکەن.

سەرۆک وەزیران وتیشی “ناتوانین لە شەوێکدا سیستەمی وزەمان بگۆڕین، بەڵام هاوکات دەزانین کە شەڕی پوتین بە شەو و ڕۆژێک کۆتایی نایەت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button