بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار: جاری وا هەبووە بە ڕەزامەندی کەسوکارەکەی دەرمانی ماوە بەسەرچوومان بەکارهێناوە بۆ نەخۆش

لڤین:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار ڕایگەیاند، بەشێک لە دەرزییە زۆر گرنگەکان کە دەبێت رۆژانە بۆ نەخۆشی بەکاربهێنین لە نەخۆشخانەکەدا نەماون.
ئومێد عەلی، بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند: جاری وا هەبووە دەرمانی ماوە بەسەرچوومان بەکارهێناوە بۆ نەخۆش، چونکە نە لە نەخۆشخانە هەمانبووە و نە لە بازاڕیش هەبووە، بۆیە بە ناچاری بە خێزانەکەیمان گوتووە ئەم دەرزیە بەکاردەهێنین کە ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵام دەمانەوێت نەخۆشەکەتان نەمرێت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار دەشڵێت ”لە بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەکە، تەنها دوو دەرزیی میتازۆلابمان هەیە، کە بۆ بێهۆشکردن بەکاردێت، لە کاتێکدا نەخۆشی وا هەیە لە رۆژێکدا دەبێت 20 دەرزیی بۆ بەکاربهێنین و بۆ هەموو نەشتەرگەرییەک پێویستمان دەبێت، بەڵام ئێستا نیمانەو ئەو پێداویستییانەی ئێستا کەموکوڕیمان هەیە تێیاندا، ئەوانەن کە نەخۆش لە نەبوونیاندا دەمرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ”شێوازی گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.”
باسی لەوەشکردووە ”لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە دەرمانەکانی (کۆکە، قوڕگ ئێشە، تا، هەڵامەت، خەستبوونەوەی خوێن و زۆری دیکە) نەماون”.